ئاسایش دەستگیركردنی 22 ئەندامی داعش لە سلێمانی و دەوروبەری ڕادەگەیەنێت

بەشێك لە دەستگیركراوەكان

دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە چەند هەڵمەتێكدا 22 ئەندامی داعش كە لەنێوانیاندا والییەك هەیە لە سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەری دەستگیركردووە و ڕونیشیدەكاتەوە، دەستگیركراوان پلانی چەندین كردەوەی تیرۆرستییان لە ناوچەكەدا هەبووە.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، “پیلانێکی تیرۆریستانی داعش-یان” ئاشكراكردووە لەخۆڕێکخستن و ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی بوون و لە 22 ھەڵمەت و ئۆپراسیۆنی جیاجیادا لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق و پشدەر 22 تیرۆریست دەستگیركراون و ڕوبەڕووی یاسا و دادگایان دەکەنەوە.

دەشڵێت، “یەكێكیان تیرۆریستی ھەرەتاوانبار ئەبو عەلی جومەیلی والی فەلوجە-یە کە بەناسنامەی ساختەوە ھاتبووە سنووری ھەرێمی کوردستان”.

دەزگای ئاسایش ڕونیشیكردەوە، پاش کۆکردنەوەی زانیاری و دەستخستنی بەڵگە لەسەر تاقم و گروپێکی تیرۆریستی داعش کە لە چەند شارێکی ھەرێم لەخۆڕێکخستندابوون و مەرامیان بوو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.

ئاماژەشدەدات، بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ئاسایشی سلێمانی لەسەر ئەم کەیسە، لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و پاش گەڕان و شەونخونی و چاودێریکردنیان و کۆکردنەوەی زانیاری، سەرەداو بەدەستھات و تەواوی جموجۆڵەکانشیان خرایە ژێرچاودێری و پیلانەکانیان ئاشکراکران و ناسنامە و زانیاری کەسی تیرۆریستان دەست ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی کەوت.

دەشڵێت، “لەچەند ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھاوبەش لە ژێرچاودێری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، گەرمیان، رۆژئاوای سلێمانی، شارەزوور، راپەڕین ھەر 22 تیرۆریستەکە کە لەچەند شانەیەکی نەنوستووی داعش خۆیان رێکخستبوو، پێش ئەوەی مەرامەکانیان بۆ تێکدانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک جێبەجێبکەن دەستگیرکران”.

وردەكاری ڕاگەیەنراوەكە:

ڕۆژی 2021/2/25 تیرۆریست (ز. س) ناسراو بەئەنەس کوردی، دوای چاودێریکردنی کە بەنیازبوو ھەڵبێت بۆ دەرەوەی ھەرێم، لەلایەن ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی راپەڕین و شارەزوور، لە پشدەر دەستگیرکرا.

تیرۆریستی تاوانبار لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەساڵی 2019 فکری توندڕەوی داعشی وەرگرتووە و ساڵی 2020 پەیوەندی بەستووە بە گروپێکی تیرۆریستی لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق کە پیلانی دانانی ئاڵای داعش و کردەوە تیرۆریستیەکەیان دانابوو لەو شارە و، چەندین تیرۆریستی فێری دروستکردنی عەبوە و مادە تەقەمەنییەکان کردوە و مەرامیان بووە چەند کردەوەیەک ئەنجامبدەن و ھیجرەت بکات بۆ ناو داعش.

ڕۆژی 2021/3/25 لە ڕێوشوێنێکی ئەمنی توندوتۆڵ و ھەڵمەتێکی گەورە و سەرکەوتووی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە چەمچەماڵ تیرۆریستی ھەرەتاوانبار و لەیاسا ھەڵھاتوو (ح . م) ناسراو بە ئەبو عەلی جومەیلی والی فەلوجە دەستگیرکرا کە دەستی سوورە لە چەندین کردەوەی تیرۆریستی و دژبەمرۆڤایەتی.

سەرەتا پەیوەندی ھەبووە بە ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە و لەساڵی 2014 بەیعەتی داوە بە تیرۆریستانی داعش و وەک چەکدارێکی ھەرەتاوانبار بەشداری و سەرپەرشتیی دەیان کردەوەی تیرۆریستی کردوە دواتر کراوە بە جێگری والی ویلایەتەکانی باکوور و پاشان بووە بە والی و ئەمیری فەلوجە.

ڕۆژی 2021/4/1 لە چەند ھەڵمەتێکی تری ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان ھەرسێ تیرۆریستی تاوانبار (چ.ف) ناسراو (ابودردا) و یونس کوردی و (م .ح) و (م.ح.ع) ناسراو بە عەلی کوردی لە کەلار دەستگیرکران.

لەلایەکی ترەوە ھەمان شەو تیمێکی سەربازی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە چەمچەماڵ لە پێنج ھەڵمەتی سەرکەوتوو و پشتبەستوو بەزانیاری ورد 5 تیرۆریستی تر لە یەک کات و ساتدا دەستگیرکران کە پێکھاتبوون لەتیرۆریستان (ئ. ھ) (ش. ب) ناسراو بە ھاران و (س. ن) و (ھ .ئ) و (ئ . ن).

لێکۆڵینەوەکان بەردەوام بوون و بەدواداچوونەکان چڕترکرانەوە و لە رۆژی 2021/4/2 لە ھەشت ئۆپراسیۆنی سەرکەوتووی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی گەرمیان ھەشت تیرۆریست تری ھەمان شانەی نەنوستووی داعش دەستگیرکران کە (ھ .ع) و (م.ن) لە کفری و (د.س) ناسراو بە (د . بوخاری) و (ش. ع) و (ع .ع) ناسراو بە بن لادن کوردی و (ئ.ح) ناسراو بە ئەبو شەھاب و (م.ج) ناسراو محەمەد کوردی لە کەلار و (م.ن) لە باوەنور دەستگیرکران.

ھەر پەیوەست بەم تاقم و گروپە توندڕەوانەی تیرۆریستانی داعش، ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان رۆژی ٣/٤/٢٠٢١ ھەر لەکەلار تیرۆریست ( م. ئ ) ناسراو بە حەبیب دەستگیراو پاش رۆژێک ٤/٤ ھەردووتیرۆریست ( ر .ئ ) و ( ج .س) ناسراو بە ئەبو ئەنەس لە سلێمانی و ( ئ. ح ) لە کفری دەستگیرکران.

پاش لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەی تیرۆریستان و داننان بە تاوانەکانیان ئاشکرایانکرد، پیلانیان بووە چەند شانەیەکی نەنوستووی داعش دروستبکەن لە ھەرێم و خۆیان بۆ چەند کردەوەیەک ئامادەبکەن، راھێنانیانپێکراو لەسەر دروستکردنی عەبوەو مەوادی تەقەمەنی و پیلانیان داناوە بۆ تەقاندنەوەی چەند شوێنێک و رفاندنی خەڵک و تیرۆرکردنی ئەفسەرانی ئەمنی بەتایبەت ئەوانەی رۆڵیان ھەیە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ شکاندنی کێلی شەھیدانی رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەوەی مایەی سەرنج و ھەڵوەستەشە تیرۆریستان لەرێگای تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە فیکری توندرەوی داعشیان وەرگرتوەوە و ھەمان تۆڕیان بەکارھێناوە بۆ فراوانکردنی تاقم و گروپەکانیان و چەندین پەیج و ئەکاونتیان داناوە بۆ بانگەشەکردن و وانەی تەکفیر و توندڕەوییان خوێندوە و تەکفیری ھەر مامۆستایەکی ئاینی و ھاووڵاتییەکیان کردەوە کە لەژێرگاریگەری بیری توندڕەوییان نەبووبێت.

بابەتی پێشتر

دانە گاز لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕی 53 ملیۆن دۆلاری لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە

بابەتی دواتر

سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە سبەینێوە دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمە نەوتییەکانی سلێمانی بڵاویکردەوە لە سبەینێوە دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمە نەوتییەکانی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، دوای…
Total
0
Share