منداڵانی پۆلی یەک “زۆرینەیان نەخوێندەوارن”

بەردەوام لە هەرێمی كوردساتان پرۆسەی خوێندن بە ئۆنلاین لەلایەن زۆرینەی مامۆستایان و یەکێتیی مامۆستایانەوە تێبینیی لەسەر بووە، پێیان وایە “لەناو کۆمەڵێک بژاردەی خراپدا باشترین چارەسەرە”.

یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت “تا ئێستا خوێندنی ئۆنلاین چارەسەرە و هیچ بژاردەیەکی دیکە وەک ئەو بژاردەیە ناتوانێت هاوکاریی خوێندکاران و کەسوکاریان بکات بۆ دوانەکەوتنی منداڵەکانیان لە پرۆسەی خوێندن.

بۆچی منداڵانی پۆلی یەک نەخوێندەوارن؟

کۆمەڵێک مامۆستا لە یاداشتێکدا هۆشدارییانداوە لەوەی، نزکەی 100 هەزار خوێندکاری پۆلی یەکەمی بنەڕەتی “لە کارەساتێکی قوڵی نەخوێندەواریدان، چونکە زۆرینەیان لە کۆی 34 پیتی زمانی کوردی، تەنها چەند پیتێکی کەمیان خوێندووە، یان ئەتوانن بیناسنەوە، ئەوەش وادەکات خوێندکاران نەتوانن پیتەکان بەیەکەوە بنێن و ڕستەکان بخوێننەوە”.

ئەو یاداشتە بەراوردێکی کردووە لەنێوان خوێندکارانی پۆلی یەکی ئەمساڵ، لەگەڵ خوێندکارانی دیکە، لەو بەراوردەدا ئاشکراکراوە، ساڵانی دیکە مانگی ئایار خوێندکارانی پۆلی یەکەم دەیانتوانی بە باشی بخوێننەوە و بنوسن و ڕستە دروستبکەن، بەڵام ئێستا خوێندکاران بە زەحمەت پیتەکان دەناسنەوە.

بۆچونی یەکێتیی مامۆستایان لەسەر ئەم بابەتە چییە؟

لەسەر ئەو پرسە، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئێستا خوێندکارانی پۆلی یەک لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە، یان خێزانێک بۆ خێزانێکی دیکە ئاستی خوێندەوارییان دەگۆڕێت، چونکە لە هەولێر ٢٥ ڕۆژ زیاتر خوێندکارانی پۆلی یەک وانەیان خوێندووە” بەراورد بە خوێندکاران لە پارێزگای سلێمانی.

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕاشیگەیاند، “تا ئێستا لەناو کۆی بژاردەکاندا، خوێندنی ئۆنلاین بژاردەیەکی باشە و هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە، بەدڵنیاییەوە سیستمەکە ناتوانێت وەک سیستمی ناو پۆل کاریگەریی ئەرێنی هەبێت، بەڵام هێشتا ئەوە تاکە چارەسەرە”.

پلانی وەزارەتی پەروەردە بۆ خوێندکارانی پۆلی یەک

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رێكخراوی سندوقی مناڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNICEF، بەرنامەیەکی سێ ساڵیی هەیە بۆ قەرەبووکردنەوە و ڕێککردنەوەی خوێندنی ئەو منداڵانەی، کە لە سەردەمی کۆرۆنادا لە پۆلی یەک بوون.

بەپێی ئەو بەرنامەیە، پێویستە خوێندکاری پۆلی یەک، تا سێ ساڵ، ئەو دواکەوتنەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی دەرگای خوێندنگەکان لە وانەکانیدا بەریکەوتووە، قەرەبووبکرێتەوە و ئامادەبکرێت بۆ قۆناغەکانی دیکەی خوێندن.

بابەتی پێشتر

خولی سوپەری ئەوروپی.. جەنگی ماڵوێرانکەر و کودەتای یانە گەورەکان بەسەر یوێفا

بابەتی دواتر

دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بكوژی سێوان قادر و منداڵەكانی پەسەندكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share