ئێران پێشوازیی خۆی نیشاندا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سعودیە، بەبێ ئەوەی دەنگۆی وتووێژی راستەوخۆی ئەم مانگەی نێوانیان، دوپات یان رەتبكاتەوە.
سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسیی هەفتانەی خۆیدا وتی، “راپۆرتە میدیاییەكانمان دەربارەی وتووێژەكانی نێوان ئێران و سعودیە بینی، سەرەڕای ئەوەی راپۆرتەكان هەندێكجار لێدوانی پێچەوانەی تیابوو”.
راشیگەیاند، “ئەوەی گرنگە ئەوەیە كۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام پێشوازی لە گفتوگۆ لەگەڵ سعودیە دەكات، پێیوایە لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلەكە و ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكەدایە”.
لە ساڵی 2016وە تاران و ریاز پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان پچڕاندوە، چەند جارێك و لەسەر پرسە ناكۆكەكانی نێوانیان، گرژی و ئاڵۆزی كەوتووەتە نێوانیانەوە.
فایننشاڵ تایمز: سعودیە و ئێران لە بەغداد گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە
دوێنێ ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز-ی بەریتانی لەزاری بەرپرسانی ئاگادار بڵاویكردەوە، گەڕی یەكەمی گفتوگۆكانی نێوان سعودیە و ئێران لە 9ی ئەم مانگە لە بەغداد ئەنجامدراوە، تیایدا هێرشی حوسییەكان بۆ سەر شانشینی عەرەبیی سعودیە تاوتوێكراوە.
سەرچاوەكان گفتوگۆكانیان بە “ئەرێنی” وەسفكردووە، دوپاتیانكردوەتەوە، رێككەوتن كراوە لەسەر ئەنجامدانی گەڕێكی نوێی گفتوگۆ لە هەفتەی داهاتوودا.
رۆژنامەكە باسی لەوەكردووە، خالد بن عەلی حمێدان، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، سەرۆكایەتیی شاندەكەی سعودیەی كردووە.