محەمەد حیجازی، کەسی دووەمی سوپای پاسدارانی ئێران لە سوریا و جێگری بەرپرسی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران ئێوارەی ئەمڕۆ گیانی لە دەستدا.
بەشێک لە میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە کە محەمەد حیجازی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەستداوە و بەشێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لە دەستداوە.
لە ڕوانگەی پزیشکییەوە دەکرێت کەسێک توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوبێت و توشی جەڵتە بێت، چونکە ڤایرۆسەکە کاریگەری دەبێت لەسەر خەستبوونەوەی خوێن و ئەوەش هۆکارێکی جەڵتەیە لە مرۆڤدا.
محەمەد حیجازی لە ساڵی 2011 وە و لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە دژی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، لە دوای قاسم سولەیمانی کەسی دووەمی ئێران بووە لەو وڵاتە، ئەوەش بەهۆی ئەو ئەزموونەی کە هەیبووە لە هەماهەنگی نێوان سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان.
ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران بەرپرسیار بووە لە گەیاندنی پێداویستی سەربازی لە ئێرانەوە بە حزبوڵا و بەشێکی زۆری ئەو موشەکانەی دراوەتە حزبوڵا و ئیسرائیل بە مەترسی سەرەکی ناویبردووە لەلایەن محەمەد حیجازییەوە ڕەوانەی لوبنان کراوە.