بڕیارە لە نزیكترین كاتدا كوتانی دژ بە كۆرۆنا بە ڤاكسینی جۆری فایزەر لە سلێمانی دەستپێبكات، وەك ئەوەی جێگری بەڕێوبەری تەندروستی دەیڵێت و ئاشكراشیدەكات، كوتان بە جۆرەكانی دیكەی ڤاكسین بەردەوامە.
هێرش سەیدسەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی نیسان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دابەشكردنی ڤاكسینی فایزەر لە سلێمانی هێشتا دەستیپێنەكردووە و لەمڕۆ یان لە رۆژانی داهاتوودا دابەشكردن و پێدانی بە هاوڵاتیان دەستپێدەكەن.
دەربارەی هۆكاری دواكەوتنیشی وتی، “هەندێك گرفتی تەكنیكیمان هەبوو لە هاتنی ڤاكسینی فایزەر-دا، بەهۆیەوە لە سلێمانی كوتان بەو ڤاكسینە دواكەوت”.
ژمارەی ئەو جۆرە ڤاكسینە لە سلێمانی دوو هەزار و 340 ژەمە و لە هەردوو نەخۆشخانەی شیرەكە و نەخۆشخانەی شەهید دكتۆر هێمن (جمهوری) كوتان ئەنجامدەدرێت، وەك ئەوەی جێگری بەڕێوبەری تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی پێدا.
ئەوەشی ڕونكردەوە، لە هەڵمەتی كوتانی دژ بە كۆرۆنا بە ڤاكسینی جۆری ئەسترازێنیكا بەردەوامن و لەئێستادا نزیكەی دوو هەزار ژەم لەو ڤاكسینە ماوە.
ئاشكراشیكرد، چاوەڕوان دەكرێت لە هەفتەی داهاتوودا كاروانێكی دیكەی ڤاكسین كە نزیكەی 10 هەزار ژەم لەخۆدەگرێت بگاتە سلێمانی.
یەكشەممەی ڕابردوو 11ی نیسان یەكەم كاروانی ڤاكسینی فایزەر گەیشتە سلێمانی و بڕیارە لە ئایندەشدا لە چوارچێوەی گرێبەستی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەگەڵ كۆمپانیای بەرهەمهێن، چەندین كاروانی دیكە بگاتە شارەكە.