حكومەتی عێراق هەر جۆرە بڕیارێك دەربارەی سەپاندنی باج بەسەر موچەی فەرمانبەر و خانەنشینان ڕەتدەكاتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق لەسەر زاری سەرچاوەیەكی حكومەتەوە ڕایگەیاند، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە زیاتر لە بۆنەیەكدا جەختیكردوەتەوە لەسەر گرنگیدان بە داهاتی چینە هەژارەكان و دورخستنەوەی لەهەر ئاستەنگ و قەیرانێكی دارایی.
سەرچاوەكە بوونی هەر جۆرە بڕیارێكی لەبارەی سەپاندنی باج بەسەر موچەی فەرمانبەر و خانەنشینان ڕەتكردەوە.
ئەو جەختكردنەوەیە دوای ئەوە دێت لەكاتێكی پێشتردا وەزارەتی دارایی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا باس لە دانانی باج لەسەر موچە دەكات، پشتبەست بە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بڕگەی تایبەت بە ڕەتكردنەوەی سەرجەم لێبوردن و هەڵاوێرەكانی باج و گومرگ بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.
بەڵام ڕاگەیەنراوی وەزارەتەكە ناڕەزایی و نیگەرانی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتارانی لێكەوتەوە و لە چەند سەرچاوەیەكەوە دوپاتكرایەوە ئەو بڕگەیە هێنانی كەلوپەل و شمەك دەگرێتەوە و پەیوەندی بە باجی داهاتەوە نییە و موچە ناگرێتەوە.
لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 بڕگەیەكی تایبەت بە دانانی باج لەسەر موچەی موچەخۆران هەبوو، بەڵام لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ئەو بڕگەیە هەڵوەشێندرایەوە و بەمەش كاری پێناكرێت.