بەڕێوبەرایەتی تەندروستیی هەولێر ئاگاداری هاوڵاتییان دەکاتەوە کە بەبێ ناو تۆمارکردن و دانانی سەرە هیچ کەسێک سەردانی بنکەکان نەکات بۆ ڤاکسین وەرگرتن و قەرەباڵغی دروست نەکات.
تەندروستیی هەولێر لە ڕونکردنەوەیەکدا لەسەر پێدانی ڤاکسین دەڵێت، “هاوڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە لە شاری هەولێر چەند سەنتەرێكى دياريكراو هەن بۆ لێدانی ڤاكسينەکە و بە یەکسانی بە هەموو هاوڵاتییان دەدرێت”.
لە ڕونکردنەوەکەدا هاتووە، ” داواكارين هاوڵاتییان ناوی خۆیان تۆمار بکەن، تکایە بە بێ خۆتۆماركردن ( موعد)، كەس سەردانى سەنتەرەكان نەكات، بەڵكو پێویستە له ڕێگەى ئۆنڵاينەوە ناوی خۆيان تۆمار بكەن بۆ ئەوەی کاتی وەرگرتنى ڤاكسينیان بۆ دەستنيشان بكرێت، هيچ كەس و لايەنێكیش بۆی نيه بەدەر له نۆرەگرتن و سيستەمی ناو تۆمارکردن ، سەردانی سەنتەرەکان بکات و قەرەباڵغی دروست بكات”.
تەندروستیی هەولێر هاوڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە هەموو جۆرەکانی ڤاکسینی بڕیارلێدراو و بەردەست، سەلامەتن و باشن بۆ بەکارهێنان.