پەرلەمانی عێراق دەنگی بە دابەشكاریی بازنەكانی هەڵبژاردن دا، كورد لەو پرسەدا یەك دەنگ نەبووە، بازنەكانیش بەگوێرەی كورسیی كۆتای ژنان دادەنرێن لە سەرجەم پارێزگاكان.
لەبەرامبەردا موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتوو بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێمە چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە نیوەی دانیشتنەكەدا هۆڵی پەرلەمان-مان جێهێشت، لەبەر ئەوەی پێمان وایە ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندیی كورددا نییە، بەڵام بەداخەوە فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی مانەوە”.
موسەنا ئەمین ئەوەشی ئاشكراكرد، “پێشنیاری ئێمە ئەوەبوو داوامان كرد هەر پارێزگایەك بكرێت بە یەك بازنە، بەڵام ڕەتكرایەوە، دواتر ڕایەكی دیكە هەبوو كە پارێزگایەك بكرێت بە دوو بازنە لەگەڵ ئەوەشدا بووین كەچی هەر دەنگی نەهێنا و ڕەتكرایەوە”.
“بەداخەوە پارتی و یەكێتی بەپێچەوانەی ئەوەی لەسەری ڕێككەوتبووین كە یەكڕیز بین و هەڵوێستمان یەك بێت دەنگیان دابوو بە ئەو بڕیارەی ژمارەی بازنەكان یەكسان بێت بە كورسیی كۆتای ژنان”، موسەنا ئەمین وای وت.
لەبارەی زیانەكانی ئەو بڕیارە بۆ كورد ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراق وتی، “ئەو بڕیارە گەر لە كەركوك و ناوچەكانی دیكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەوا زیان بە كورد دەگات، هەروەها تەنها لە بەرژەوەندیی حزبە گەورەكانە”.
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكگرتوو سەرسوڕمانی خۆی پیشاندا لە دەنگدانی پارتی و یەكێتی بەو بڕیارە نەشیشاردەوە “ڕەنگە لە بێئومێدبوونیان بوبێت لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كورد”.
لەلایەكی دیكەوە میدیا عێراقییەكان ئەوەیان لە سەرچاوەیەكەوە بڵاوكردووەتەوە، لەكاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە وەك ناڕەزایەتی لەبارەی ئەو بڕیارەی پەرلەمان بۆ دابەشكردنی بازنەكان، هەردوو فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و هاوپەیمانی فەتح-ی هادی عامری هۆڵی دانیشتنەكەیان بەجێهێشتووە.