سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان داوای كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان دەكات

A school closed due to the COVID-19 epidemic in New Orleans.

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری لقی سلێمانی یەكێتییەكەیان تایبەت بە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن بڕیارێكی سەربەخۆ بووە و داوادەكات دەرگای قوتابخانەكان بكرێتەوە و دەشڵێت، ئەمساڵی خوێندن قورس دەبێت، “بەڵام هەمووان هەوڵدەدەین بۆ سەركەوتنی و دڵنیاییش دەدەین كە نافەوتێت”.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ئەمڕۆ شەممە 10ی تشرینی یەكەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پرسی دواكەوتنی موچە سەرجەم فەرمانبەران دەگرێتەوە بە سەرجەم وەزارەتەكانەوە، بەڵام ئێستا چاوەكان لەسەر مامۆستایانن بەهۆی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندنەوە.

وتیشی، “سەبارەت بە دابەشكردنی موچە هیچ بڕیارێكی فەرمی بە ئێمە نەوتراوە، بەڵام ئەوەی پێشبینی دەكەین ئەوەیە كە لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشكردنی موچە بكرێت”.

ئەمڕۆ 50 ڕۆژی تەواو بەسەر دابەشكردنی موچەی مانگی ئازاری مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەدا تێپەڕیووە و بەهۆیەوە لقی سلێمانی یەكێتیی مامۆستایان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنی ڕاگەیاند.

ئەحمەد گەرمیانی وتی، بڕیارەكەی لقی سلێمانی سەربەخۆیە و بڕیاری مەكتەبی تەنفیزی و سكرتارییەت نییە.

ئەوەشی وت، “هیوادارین دەرگای قوتابخانەكان بكرێنەوە، چونكە حكومەت غەدر لە ئێمە دەكات نابێت ئێمە غەدر لە خوێندكاران بكەین”.

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان پێیوایە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان جموجوڵ دەخاتە ناو بازاڕ و دامودەزگاكان، گۆڕانكاری دەهێنێت بەسەر لایەنی كۆمەڵایەتیی قوتابیان و خوێندكاران و شێواز هەڵسوكەوتیان، كە ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ ژیانی ئاسایی پێش كۆرۆنا.

سەبارەت بە پێشبینیشیان بۆ ئەمساڵی خوێندن كە بەم قەیرانانەوە دەستپێدەكاتەوە، ئەحمەد گەرمیانی ئەوەی خستەڕوو، “ساڵێكی قورس دەبێت، بەهۆی ئەوەی باری دارایی خراپە و، باری تەندروستی باش نییە، مامۆستاش بە گیرفانی بەتاڵ و بارۆدۆخی خراپەوە دەوامێكی كاملی پێناكرێت، لەهەمان كاتدا خوێندنی ئۆنلاین یەكێكە لە كێشە و گرفتەكان و ئەگەری هەیە خەڵك وەكو پێویست نەتوانێت جێبەجێی بكات، بەڵام بەهەموومانەوە هەوڵ دەدەین ئەمساڵمان ساڵێكی سەركەوتوو بێت”.

دوپاتیشیكردەوە، “بەڵام جەخت دەكەینەوە ئەمساڵی خوێندن نافەوتێت”.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەم هەفتەیە لەسەدا سەد دەست بە دابەشكردنی موچە دەكرێت”.

وتیشی، دیاریكردنی وادەی دەستپێكی دابەشكردنی موچە ئەمڕۆ یان سبەی بڕیاری لەسەر دەدرێت و بەمەش ڕەنگە دووشەممە یان سێشەممە دەست بە دابەشكردنی بكرێت.

بابەتی پێشتر

عێراق.. ژمارەی توشبوون بە كۆرۆنا 400 هەزار كەسی تێپەڕاند

بابەتی دواتر

بەهۆی ڕوداوێكی هاتوچۆوە لە ڕێگای كەلار-دەربەندیخان ژنێك گیانی لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: لەگەڵ دۆستانمان لە بەغداد لەبارەی سەرچاوەكانی وزە گفتوگۆ دەكەین و هەوڵدەدەین پێكەوە بە تێڕوانینێكی نوێوە كاربكەین

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدرێژەی دیدارەكانیدا لە واشنتن، لەگەڵ كیمبەرلی هارینگتۆن، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی…
زیاتر ببینە

پەرلەمانتارێك: سودانی داوای داتا و زانیارییەكانی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی كردووە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای داتا و زانیارییەكانی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی كردووە…
Total
0
Share