ئێوارەی ئەمڕۆ 10ی نیسان، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیکرد لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و جەختیان کردەوە لە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد.
نوسینگەی سەرۆککۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، “لە کۆبوونەوەکەی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم جەختکراوەتەوە لەسەر جێبەجێکردنی مادەکانی یاسای بودجە بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی هاوڵاتییاندا بێت”.
لە کۆبوونەوەکەی بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانیدا پرسی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ تاوتوێکراوە و جەختکراوەتەوە کە کەشێکی ئارام بۆ دەنگدانی هاوڵاتیان و هەڵبژاردنێکی بێگەرد بەڕێوەبچێت.