لە کۆبوونەوەیەکی نێوان بەڕێوبەری بەنداوەکانی عێراق و بەرپرسانی بەنداوەکانی دەربەندیخان و دوکان و حەمرین بڕیاردراوە کە ئاوی بەنداوەکان بۆ کشتوکاڵ بەکارنەهێرێت و تەنها بۆ خواردنەوە و باخداری بێت.
دوێنێ 9ی نیسان، کاظم سهر جابر، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی عێراق و حاتم حمید، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری نیشتمانی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی کارەبای هەرێم و بەڕێوبەری بەنداوەکانی هەرێم کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی وشکەساڵی و کەمی ئاوی بەداوەکان تاوتووێکراوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا پێشنیاز کراوە بۆ چارەسەری کێشەی کەمئاوی، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەنداوی کەلار لە بەردەسور دروست بکرێت کە کاریگەرییەکی باشی دەبێت بۆ ئایندەی ناوچەکە و دیزاینەکەشی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە تەواو کراوەو ئامادەیە.
هەرلە کۆبوونەوەکەدا پێشنیاز کراوە ئاوی بەنداوەکان تەنها بۆ مەبەستەکانی خواردنەوەو باخداری بەکار بهێنرێت و کشتوکاڵی بەراو قەدەغە بکرێت، هاوکات داواکرا لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە حکومەتی فیدراڵی عێراق ئیلتزاماتی خۆی جێ بە جێ بکات بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و بەرژەوەندی هاوڵاتیان ڕەچاو بکرێت.