ئایا کلاسیکۆ نازناوی لالیگا یەکلاییدەکاتەوە؟

ئەمڕۆ، شەممە چاوەکان لەسەر یاریگای دی ستیفانۆ دەبن لە مەدرید، هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە لە کلاسیکۆی زەوی (هەفتەی 30) ڕوبەڕودەبنەوە.

لە ئێستادا یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بە 66 خاڵ لە لوتکەی ڕیزبەندی یانەکانی لالیدادایە، پلەی دووەم بۆ یانەی بەرشلۆنەیە بە 65 خاڵ و شاهانەکانی مەدرید بە 63 خاڵەوە لە پلەی سێیەمدان.

ئەستێرەکانی سیمیۆنی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە ڕێگەدابوون بۆ چنینەوەی نازناوەکە، بەڵام بەهۆی زنجیرەیەک ئەنجامی خراپەوە کەوتنە گێژاوی لەدەستدانی نازناوەکە و ئەمڕۆ لە ئەگەری بردنەوەی یەکێک لە جەمسەرەکانی کلاسیکۆ، چانسی دوو ڕکابەرەکە بەهێزتر دەبێت بۆ تێپەراندنی ئەتلەتی.

هەریەکێک لە جەمسەرەکانی کلاسیکۆ بەوپەڕی تواناوە هەڵی بردنەوە دەدەن، لە کاتێکدا ململانێکانی ئەم وەرزە (2020-2021)ی لالیگا هەشت هەفتەی ماوە و لەو ماوەیەشدا هەموو شتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە.

لەڕووی ژمارەییەوە دەردەکەوێت کە ئەنجامی کلاسیکۆ نازناوی وەرز یەکلاییناکاتەوە، بەوپێیەی کۆکردنەوەی 24 خاڵ لەبەردەم هەرسێ یانەکەدا ماوە (ڕیاڵ، بارسا ئەتلەتی)، جیاوازی نێوانیشیان هێندە زۆر نییە تاوەکو یەکلاکەرەوە بێت.

ئەگەر بەرشلۆنە دۆڕاندن تۆماربکات جیاوازی لەگەڵ ئەتلەتیکۆ دەبێتە چوار خاڵ، لە ئەگەری شکستهێنانی ڕیاڵیشدا جیاوازییان لەگەڵ یەکەم دەبێتە شەش خاڵ، بردنەوەش بارسا دەگەیەنێتە لوتکە (ئەگەر ئەتلەتیکۆ بەرانبەر ڕیاڵ بیتیس بدۆڕێت)، ڕیاڵیش بە بردنەوە لە لوتکەدا هاوتا دەبێتەوە.

ئەنجامی یەکسانبوون بۆ هەردوو ڕیاڵ و بارسا گونجاوە، بەڵام لە بەرژەوەندی ئەتلەتیکۆ مەدریدە و ململانێی ئەم وەرزە لە هەشت گەڕی کۆتاییدا بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.

بابەتی پێشتر

پێکهاتە چاوەڕوانکراوەکانی کلاسیکۆی زەوی

بابەتی دواتر

کلاسیکۆی زێدان و کومان، کامیان سەرکەوتووترن؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share