دابەشكردنی نەوتی سپی لەناو شاری سلێمانی دەستپێدەكاتەوە و بەڕێوبەری نەوت و كانزاكانیش دەڵێت، لەئێستادا تەنها بەشی مەڵبەندێك نەوت لەبەردەستدایە و لەكاتی بوونیدا لە دابەشكردن بەردەوام دەبن.
محەمەد حەسیب، بەڕێوبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی نیسان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ڕۆژی شەممە 10ی نیسان نەوت لە سنووری مەڵبەندی پێنج-ی ناو شاری سلێمانی دابەشدەكرێت.
وتیشی، “ئەو بڕەی ئێستادا لەبەردەستدایە تەنها بەشی ئەو مەڵبەندەیە”.
محەمەد حەسیب ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا ناردنی نەوت لەلایەن بەغدادەوە كەم و پچڕپچڕە و لەكاتی بوونی بڕی پێویست، دابەشكردنی نەوت بۆ مەڵبەندەكانی دیكە درێژەپێدەدەن.
دابەشكردنی نەوتی سپی، كە یەك بەرمیلە بۆ هەر خێزانێك، لە مەڵبەندی چوار تەواو بووە، ئەمەش لەكاتێكدایە زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر دەستپێكی وەرزی بەهار تێپەڕیووە.