پیشاندانی موشەكە زەبەلاحەكەی كۆریای باكوور كاردانەوەی بەدواداهات

پیشاندانی موشەكە زەبەلاحەكەی كۆریای باكوور لە مانۆڕێكی سەربازیی ئەو وڵاتەدا، كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و میدیا جیهانییەكان باس لەوە دەكەن بۆ یەكەمجارە ببیندرێت ئەو وڵاتە خاوەنی ئەو جۆرە لە موشەكەیە.

ئێوارەی دوێنێ شەممە 10ی تشرینی یەكەم، بە وێنەی تەواو ڕوون و كوالیتی بەرز لە مانۆڕێكی سەربازیی كۆریای باكووردا جۆرێك موشەكی بالیستی كیشوەربڕ پیشاندرا، شیكەرەوە جیهانییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە بۆ یەكەمجارە ببیندرێت كۆریای باكوور خاوەنی ئەو موشەكەیە.

لەكاتی ئەوە مانۆڕە سەربازییەدا كە بە بۆنەی 75 ساڵڕۆژی دامەزراندنی دەوڵەتی كۆریای باكوور دوێنێ شەممە 10ی تشرینی یەكەم لە پیۆنگیانگ بەڕێوەچوو، كیم جۆنگ ئون، سەرۆكی ئەو وڵاتە وتی، وڵاتەكەی خاوەنی چەكی ئەتۆمییە و بەردەوام دەبێت لە پڕچەككردنی سوپاكەی.

ئەمڕۆ یەكشەممە 11ی تشرینی یەكەم، وەك چەند میدیایەكی جیهانی بۆچوونەكەیان بڵاوكردووەتەوە، لای خۆیەوە ئانكێت پاندا لە یەكێتیی زانایانی ئەمریكا لە تویتەری خۆیەوە لەبارەی ئەو موشەكە كۆرییە وتویەتی، “گەورەترین موشەكە كە بە سوتەمەنی شل كاردەكات”.

بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاش، پێشاندانی ئەو موشەكە نوێیە كیشوەربڕەی بە “بێ ئومێد بوون” لەقەڵەمداوە و داوا لە حكومەتەكەی دەكات گفتوگۆكان بۆ بەدیهێنانی داماڵین لە چەكی ئەتۆم بەتەواوەتی دەستپێبكات.

ئەوەی لە وێنەكانی ئەو موشەكە نوێیەی كۆریای باكوور دەردەكەوێت، موشەكەكان لەسەر گوێزەرەوەیەكەن كە زیاتر لە 22 تایەیان هەیە.

شارەزایان لەوبارەیەوە ئەوەیان وتووە، “یەكێك لە گەورەترین موشەكە بالیستییە كیشوەربڕەكانە لە جیهاندا كە بە وشكایدا بگوازرێتەوە”.

تا ئێستا ڕوون نییە چ جۆرە موشەكێكە
شارەزایانی بوارەكە لەبارەی جۆری ئەو موشەكەوە ئاماژەیان بەوە كردووە، ئەو موشەكە نوێیە، نەوەی چوارەمی موشەكی “بۆكۆكسۆنگ-15″یە كە لەلایەن ڕۆژئاواییەكانەوە بە “كەی ئێن-15” ناودەبرێت، یان جۆرێكی نوێی موشەكی “هواسۆنگ-15″یە و بە هواسۆنگ-16 ناو براوە.

بەگوێرەی وێنەكان، پانی موشەكەكە نزیكەی دوو مەتر دەبێت، هەروەها درێژییەكەی لەنێوان 20 بۆ 24 مەترە.

پێشبینی ئەوەش كراوە، لە ساڵی 2021دا ئەو وڵاتە لەژێر فەرمانڕەوایی كیم جۆنگ ئون-دا موشەكە نوێیەكە تاقی بكاتەوە.

 

بابەتی پێشتر

ئازەربایجان: ئەرمینیا دووەم گەورەترین شاری بۆردومان کردووین

بابەتی دواتر

لەندەن.. دژی لەسێدارەدان لە ئێران چەند چالاكییەك بەڕێوەچوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share