دڵنیایی لەبارەی ڤاكسینی ئەسترازینیكاوە دەدرێت

ڕەتیكردەوە بوونی پەیوەندی لەنێوان ڤاكسینی ئۆكسفۆرد/ ئەسترازینیكا و گرفتی خوێن-ی سەلماندبێت

ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا دڵنیایی لەبارەی بەكارهێنانی ڤاكسینی ئەسترازینیكاوە دەدات و دەڵێت، مەترسییەكانی دەرمانەكە زۆر دەگمەنە.

دوای ئەوەی یەكێك لە بەرپرسەكانی پرسی بوونی پەیوەندی نێوان ڤاكسینی ئەسترازینیكا و جەڵدەی خوێنی وروژاند، ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا بەرگری لە ڤاكسینەكە دەكات و ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی نیسان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ئاشكرایكرد كە سودەكانی ڤاكسینەكە زۆر زیاترە لە كاریگەرییە لاوەكییەكانی.

جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە كاریگەریی ئەسترازینیكا لە لەناوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ سەلمێندراوە.

ئاژانسەكە ئاشكرایكرد، تەنها 52 حاڵەتی جەڵدە لە بەرامبەر 34 ملیۆن مرۆڤ تۆماركراوە كە ڤاكسینەكەیان پێدراوە.

بەڵام ڕێنوێنی ئەوەشیكرد كە پێویستە ڤاكسینی ئەسترازینیكا بۆ كەسانی سەروو تەمەن 30 ساڵ بەكاربهێنرێت، پاش مەترسییەكان لەبارەی جەڵدەی خوێنەوە.

ئاژانسەكەی ئەوروپا ڕەتیشیكردەوە، بوونی پەیوەندی لەنێوان ڤاكسینی ئۆكسفۆرد/ ئەسترازینیكا و گرفتی خوێن-ی سەلماندبێت و ئاشكرایكرد، تائێستا نەگەیشتووەتە ئەنجامێكی یەكلاكەرەوە و پێداچوونەوەكانیشی دەربارەی ئەو پرسە بەردەوامە.

پێشتر ماركۆ كاڤالیری، بەرپرسی ستراتیژی ڤاكسینەكان لە ئاژانسەكە لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد كە پەیوەندییەكی ڕوون هەیە لەنێوان ڤاكسینەكە و جەڵدە.

بەر لەو لێدوانەش زۆرێك لە وڵاتانی وەك فەڕەنسا، ئەڵمانیا و كەنەدا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پێدانی ڤاكسینەكەیان بە چەند تەمەنێكی دیاریكراو ڕاگرت.

لە هەرێمیش دڵنیایی دەدرێت
هەر ئەمڕۆ تۆڕی پاراستنی تەندروستیی گشتی ڕونكردەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، لە ماوەی ڕابردوودا چەند کەیسێکی زۆر کەمی حاڵەتێکی دەگمەنی مەینی خوێن تۆمارکرا و دەشڵێت، “ئەو حاڵەتانە زۆر دەگمەنن. لە یەکێک لە لێکۆلینەوەکان لە نێوان 18 ملیۆن کەس کە ڤاکسینی ئەسترازینیکایان وەرگرتوە تەنها 22 کەس توشی مەینی خوێن بوون”.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی، كە گروپێكی چالاكی بواری تەندروستییە، ڕونیشیكردەوە، بەگوێرەی زۆربەی شارەزایان و دەزگا جیهانیە پەیوەندیدارەکان، ئەم حاڵەتە دەگمەنانە ئەوەندە زۆرنین کە ڤاکسینی ئەسترازینیکا ڕابگیرێ.

داواش لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەكات کە ڤاکسینی کۆرۆنا بەکاربهێنن و دەڵێت، “ڤاکسین تاقە ڕێگایە بۆ ڕێگری لە توشبوون و مردن بە کۆرۆنا”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی ناوخۆ بەفەرمی قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) مباپێ بایرنی لە ئالیانز ئارینا نغرۆکرد و چێڵسی سوپرایزەکانی پۆرتۆی ڕاگرت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
12
Share