سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت، پزیشك و كارمەندانی بواری چاودێری تەندروستی شایەنی پێزانینن و دەشڵێت، پاداشت بە بڕی 2.1 ملیۆن دۆلار خەرجدەكەن بۆیان.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی نیسان لە تویتێكدا ڕایگەیاند، پزیشك و كارمەندانی بواری چاودێریی تەندروستی هەموو ڕۆژێك خۆیان دەخەنە بەردەم مەحەك، ئەوان شایەنی پێزانین و پشتیوانی ئێمەن.
بارزانی لە تویتەكەیدا كە بە زمانی ئینگلیزییە دەشڵێت، “لەبەر ئەم هۆكارە 2.1 ملیۆن دۆلار خەرجدەكەین وەك پاداشتی نوێ بۆیان” تویت و بڕیارەكەشی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی تەندروستی بڵاوكردوەتەوە.
لە ڕۆژی جیهانی تەندروستیدا، سوپاسی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی دەکەین و پشتیوانیان دەبین بۆ بە جێگەیاندنی ئەرک و کاری ڕۆژانهیان. بڕێکی دیکەی هاوکاری وەک هاندان بۆ تیمی بەرەنگاربوونەوە خەرج دەکەین، هیوادارین هاووڵاتیان زیاتر پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن.
— Masrour Barzani پابەندین# (@masrour_barzani) April 7, 2021
بەشێكی دیكەی تویتەكەی سەرۆكی حكومەت بە زمانی كوردییە و تیایدا هاتووە، “سوپاسی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی دەکەین و پشتیوانیان دەبین بۆ بە جێگەیاندنی ئەرک و کاری ڕۆژانهیان”.
ڕونیشیدەكاتەوە كە پاداشتەكە ئەو پزیشك و كارمەندانە دەگرێتەوە كە لە تیمی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا كاردەكەن و، هیواخوازی ئەوەش نیشاندەدات كە “هاوڵاتیان زیاتر پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن”.