وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق كوژرانی 60 چەكداری داعش لەمیانەی پڕۆسەیەكی ئەمنیدا لە نزیك چیای حەمرین ڕادەگەیەنێت.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی نیسان ڕایگەیاند، پاش دەستپێكردنی پڕۆسەی ئەمنی (شێری ئامادە) لە مانگی ڕابردوودا كە بووە هۆی تێكدانی 120 مۆڵگە و كوژرانی 27 چەكداری داعش، هەندێك لە چەكدارانی گروپەكە بەرەو زنجیرە چیاكانی حەمرین هەڵهاتن، دوای بەرتەسك بوونەوەی چالاكییەكانیان لە شاخی قەرەچوغ.
ڕونیشیكردەوە، لەلایەن دەزگای دژەتیرۆرەوە جموجۆڵ و هەڵهاتنیان ئاشكراكرا، بەڵام هێرشیان نەكرایەسەر، بەمەبەستی زانینی مۆڵگە جێگرەوەكانیان كە ڕووی تێدەكەن.
لیوا یەحیا ئەوەشی وت، “پاش سەقامگیربوونیان لەو مۆڵگە جێگرەوانە، لەلایەن دەزگای دژەتیرۆرەوە شوێنەكان بۆ هێزی ئاسمانی عێراق دیاریكرا و، هێزەكەش لە 25ی ئازار بۆردومانێكی چڕی مۆڵگەكانیانی كرد و ئەمەش بووە هۆی وێرانكردنی مۆڵگە جێگرەوەكان”.
بەپێی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، ئەو بۆردومانانە بووەتە هۆی كوژرانی 60 چەكداری پاشماوەی داعش.
دوای ڕاگەیاندنی شكستپێهێنانی داعش لە ساڵی 2017، تائێستا ناوبەناو چەكدارانی گروپەكە لە ناوچە جیاجیاكان دەردەكەون و هەڵمەتەكانیش بۆ دەستگیركردن و لەناوبردنیان درێژەی هەیە.