نیوەڕۆی ئەمڕۆ 9ی تشرینی یەکەم، مەهاباد قەرەداغی شاعیر و نوسەر و وەرگێڕی کورد کۆچی دوایی کرد.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، مەهاباد قەرەداغی ماوەی دوو هەفتەیە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و لە نەخۆشخانەی لە ژێر چاودێریی پزیشکیدا بووە، بەڵام نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی کاریگەریی ڤایرۆسەکەوە گیانی لە دەستداوە.
هاوکات سەنیدکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێم لەبارەی مەرگی مەهاباد قەرەداغییەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی کۆچکردوو کردووە.
مەهاباد قەرەداغی لە ساڵی 1966 لە شارۆچکەی کفری لەدایکبووە و لە ساڵی 1978دا لە تەمەنی 12 ساڵییەوە دەستی بە نوسینی شیعر کردووە، ساڵی 1980 دا یەکەمین بەرهەمی شیعری لە هەفتەنامەی هاوکاری بڵاوکراوەتەوە.
مهاباد قەرەداغی بە درێژای ژیانی لە نوسین و ئەدەبیات دانەبڕاوە و جگە لە کاری ڕێکخراوەی توانیویەتی کۆی بەرهەمە چاپکراوەکانی بگەیەنێتە 34 بەرهەم کە لە شیعر و ڕۆمان و کتێبی دەروونناسی و کۆمەڵناسی و پەروەردەیی پێکهاتوون.