بەڕێوبەرە کۆرییەکەی بەندەری فاو بە مردووی لە ژوورەکەیدا دۆزرایەوە

لە ڕوداوێکی تەمومژاویدا، ئەمڕۆ هەینیی 9ی تشرینی یەکەم، بەڕێوبەری کۆمپانیای (دایۆ) کە بەندەری گەورەی فاو دروستدەکات، بە هەڵواسراوی لە ژوورەکەی خۆیدا دۆزرایەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی “تۆڕی میدیایی ئێستا” بەڕێوبەری کارەکانی کۆمپانیا کۆریەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە هەڵواسراوی لە شوێنی مانەوەی خۆی دۆزراوەتەوە و تا ئێستا نازانرێت هۆکاری ڕوداوەکە چییە.

پێشتر هەندێک سەرچاوە باسیان لەوە دەکرد کە بەڕێوبەری کۆمپانیاکە، لەلایەن چەند گروپ و لایەنێکی عێراق و دەرەوەی عێراقیشەوە ڕوبەڕووی فشاری زۆر دەکرایەوە.

بەندەری گەورەی فاو، زیاتر لە 10 ساڵە لەلایەن عێراقەوە هەوڵ بۆ دروستکردنی دەدرێت، لە سەردەمی کابینەی پێشووی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدلمەهدی بەردی بناغەی دانرا و تێچووەکەی زیاتر لە 5 ملیار یۆرۆیە.

بەندەرەکە بە دووەمین گەورەترین بەندەر دادەنرێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئاستی جیهانیش دەیەمین بەندەرە، بە جۆرێک ساڵانە توانای هەڵگرتنی 99 ملیۆن تۆن شمەک و کاڵای هەیە، بڕیاریشە دوای تەواوبوونی بەندەرەکە، پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری فاو-ئیبراهیم خەلیل جێبەجێ بکرێت.

وەک پسپۆڕانی بواری ئابوری باسی دەکەن، بە تەواوبوونی بەندەری گەورەی فاو، عێراق دەبێتە گەورەترین ناوەندی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرئاوا دا، تەنانەت ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی ئاویی جیهان بە تەواوەتی دەگۆڕێت، ئەوەش وایکردووە ئێران و کوەیت و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو دژی ئەو پڕۆژە ستراتیژییە بن و پێشتر هەوڵی زۆریان خستبوەگەڕ بۆ ئەوەی عێراق نەبێت بە خاوەنی ئەو بەندەرە و لە دروستکردنی پاشگەزببێتەوە.

دوای ماوەیەک لە ڕاگرتنی کارەکانی قۆناغی دووەمی پرۆژەکە، سێ ڕۆژ پێش ئێستا بڕیاردرا کارکردن تیایدا دەستپێبکاتەوە، ئەوەش وایکردووە ڕوداوی “خۆکوشتن”ی بەڕێوبەری کۆمپانیای جێبەجێکار، هێندەی تر تەمومژاوی بێت.

بابەتی پێشتر

براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئاشکرا کرا

بابەتی دواتر

مەهاباد قەرەداغی شاعیر و نوسەر کۆچی دواییکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share