“پێڵاوەكانی گرتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان”..لەنێو پەرلەمانی كوردستان چی ڕویدا؟

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا ئاڵۆزی دروستبوو، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ “پێڵاوەكانی گرتە دەستەی سەرۆكایەتی” و سەرۆكی پەرلەمانیش وتی، “بەو كردەوەی پێناسەی خۆی كرد”.

پاش ئەوەی ڕێواس فایەق، سەرۆكی پەرلەمان ڕێگای بە كازم فاروق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دا تاوەكو خاڵی نیزامی پێشكەش بكات، ناوبراو، ڕەخنەی لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان گرت لەبارەی بەرنامەی كاری دانیشتنەكان.

كازم فاروق وتی، “مایكەكەمان لێدەكوژێننەوە ناهێڵن قسە بكەین، داهاتی نەوت لە مانگێكدا زیاتر لە یەك ملیار دۆلارە موچە ئەوەندەی ناوێت، بۆ بە تەواوی دابەش ناكرێت”، بە ڕەخنەگرتن لە كەرتی پەروەردە و حكومڕانیی هەرێم وتەكانی بەردەوام بوون.

كازم فاروق درێژەی بە وتەكانی دا و ئاماژەی بەوەكرد، “بەرنامەی كارتان ئیستغلال كردووە خۆت و جێگرەكەت”، لەوكاتەدا سەرۆكی پەرلەمان مایكی لە سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ كوژاندەوە و پێی وت، “مایكت پێوەیە و دەنگەكەت تۆمار دەكەیت بەڵام خاڵەكەت نیزامی نییە و مایكت لێ دەكوژێنمەوە”.

لەوكاتەدا دەمەقاڵێ دروستبوو، پاشان سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ “پێڵاوەكانی بە ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی فڕێدا”.

لە كاردانەوەی ئەو كارەدا، ڕێواس فایەق وتی، “دڵم فراوان نەبێت ئەم ئیشەم پێ بەڕێوەنابرێت، هەر كەسایەتییەك كە قسە دەكات تەعبیر لە خۆی و پەروەردەكەی دەكات”.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەگەر ئەو پێڵاوە بۆ كەسی خۆمە، وەك سەرۆكی پەرلەمان دەیبورم، بەڵام با خەڵك بیناسێت، ئەو بەو كارەی بەس پێناسەی خۆی دەكات”.

سەرۆكی پەرلەمان وتیشی، “ئەگەر ئەو پێڵاوانەی گرتووە پەرلەمانی كوردستان وەك دامەزراوە، ئەوە پەرلەمان با ڕێوشوێنی خۆی بگرێتە بەر، دكتۆر كازم فاروق بەپێی مادەی 57 بۆی نییە بێتەوە نێو كۆبوونەوەكە، بۆ ئەوەی دۆخی دانیشتنەكە تێكنەچێت”.

بابەتی پێشتر

نرخی دراوەكان بۆ ئەمڕۆ

بابەتی دواتر

حەلبوسی چووە نێو هۆڵی پەرلەمانی عێراقەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share