ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق ناوی 10 کۆمپانیای داوە بە هەرێمی کوردستان تاوەکو یەکێکیان بۆ پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت هەڵبژێرێت
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان و عێراق ناکۆکییان دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوت ماوە، چونکە هەرێم وتوویەتی 115 هەزار بەرمیل نەوت لە ناوخۆدا بەکاردەهێندرێت و عێراقیش تێبینی لەسەر ئەو ژمارەیە هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی نەوتی عێراق ناوی 10 کۆمپانیای داوە بە هەرێمی کوردستان تاوەکو یەکێکیان بۆ پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت هەڵبژێرێت، پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەوە قوڵترە کە وەزیری نەوت ئاماژەی پێکردووە.
باسی لەوەشکرد، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم رۆژ لەدوای رۆژ کەمدەبێتەوە، هەربۆیە بەشێکی کۆمپانیا بیانییەکان بەرهەمهێنانیان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمدا راگرتووە چونکە تێچووی بەرهەمهێنانیان زۆر زیاتربووە لە قازانجیان.
وتیشی، “لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی رابردوودا هەرێم 709 ملیۆن دۆلاری لە بەرهەمهێنانی نەوت دەستکەوتووە، بەڵام تێچووەکەی 846 ملیۆن دۆلاربووە”.
ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەغداد نەوتەکەی بۆ بفرۆشێت و قەرزەکان بداتەوە و قازانجی فرۆشتنی نەوتیش لەگەڵ هەرێم دابەشبکات، بەڵام حکومەتی عێراق ئەم کارە ناکات و رەزامەند نییە.