سه‌رۆكی هه‌رێم لەگەڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا كۆبووەوە

ژان ئیڤ لۆدریان و نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئەنجامدا و تیایدا ئه‌ركی هاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و دۆخی پێكهاته‌کان و ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێم تاوتوێكران.

ئێواره‌ی ئه‌مرۆ سێشه‌ممه 30ی ئازار نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پاریس له‌گه‌ڵ ژان ئیڤ لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا كۆبووه‌وه‌.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا، دۆخی عێراق، هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌، هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق، مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش، ئه‌ركی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق و دۆخی پێكهاته‌کان و ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان تاوتوێكران.

لە بەشێكی دیكەیدا هاتووە، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ خواستی دوولایه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا كرده‌وه‌ و به‌رده‌وامیی ئه‌ركی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و هاوكاری و یارمه‌تیدانی عێراقیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌ پێویست زانی.

باسکردنی هاریكاری و هاوبه‌شیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و پشتگیریی فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وله‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و كاركردن له‌پێناو ئارامی و سه‌قامگیریی عێراق و ناوچه‌كه‌دا، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

بەر لەو كۆبوونەوەیە نێچيرڤان بارزانى له‌ كۆشكى ئێليزێ له‌ پاريس، لەگەڵ ئيمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا كۆبووەوە.

نێچیرڤان بارزانی پەیامێك پاش دیداری ماكرۆن بڵاودەكاتەوە

له‌ كۆبوونەوەكەدا دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌يان به‌گشتى تاوتوێكرا و له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى داعشدا، جه‌ختيان له‌ په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاوكارى و هاوبه‌شيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا كرده‌وه، هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگيى هه‌بوونى تێگه‌يشتنى هاوبه‌ش بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە.

دەشڵێت، ماكرۆن باسى له دوايين سه‌ردانى قه‌داسه‌تى پاپا فره‌نسيس بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ بيستوويه‌تى سه‌ردانه‌كه‌ مايه‌ى خۆشحاڵيى پاپا بووه‌ و به‌ ڕووداوێكى گرنگى له‌ قه‌ڵه‌مدا. لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كاريگه‌ريى ئه‌رێنى له‌سه‌ر هه‌موو پێكهاته‌كانى وڵات هه‌بووه‌.

لای خۆیەوە نێچيرڤان بارزانى، ئاماده‌يى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كاركردن و هاريكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ربڕى له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق و دابينكردنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها هاوكاريى فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و پێكه‌وه‌كاركردن و هاوبه‌شيى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراقی له‌ پرۆسه‌ى سياسيدا‌ بۆ چاره‌سه‌رى به‌ گرنگ و پێويست زانى.

مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تيايدا جه‌خت له‌ گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق له‌ ناوچه‌كانى مادده‌ى 140ى ده‌ستوور كرايه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بۆشاييى ئه‌منى دروست نه‌بێت و له‌لايه‌ن داعشه‌وه‌ نه‌قۆزرێته‌وه‌. له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك ماكرۆن هاوڕا بوو كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسييه‌كى جددييه و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت.

بابەتی پێشتر

ئەندامی گەورە باندێكی مافیای ئیتاڵی لەڕێی چێشتلێنانەوە ئاشكرادەبێت

بابەتی دواتر

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێرشەكانی هەولێر و بەغداد و عەین ئەسەد ئیدانەدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share