یتۆ یاکی: لاوتارۆ کۆکراوەیەکە لە ئەگوێرۆ و گریزمان و پیاهەڵدانەکەی مێسی خۆشحاڵی کردووە

 

بیتۆ یاکی دۆزرەوە و لێپرسراوی کارەکانی لاوتارۆ مارتینێز، لە ماڵەکەی خۆیەوە لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئەنجام دەدات.

لێپرسراوی کاروباری یاریزانە ئەرجەنتینییەکە، لەوەڵامەکانیدا خۆی بەدووردەگرێت لە دەنگۆکانی پەیوەندیکردنی بریکارەکەی بە یانەی بەرشلۆنەوە و دووپاتیدەکاتەوە، لەپێشوودا بۆندیان بۆ ماوەی پێنج وەرز لەگەڵ یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی واژوو کردووە.

لەسەرەتاوە چاودێریکاری پڕۆسەی پێشکەوتنی تواناکانی لاوتارۆ و دەرکەوتنی بوویت، چۆن ئەم بەهرەیەت دۆزییەوە و چ خەسڵەتێکی سەرنجی ڕاکێشایت؟

ئەگەر زانیارییەکانم دروستبن، من دۆزەرەوەی بەهرەی یاریزانەکەبووم و تاکە کەسیش بووم هەوڵمدا گواستنەوەی پێبکەم بۆ یانەی ڕاسینگ کلەپ، ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام تەکنیکی یارییکردن و هێمنی و شێوازە ناوازەکەی بوو لە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ لە یاریگایەکی خۆڵ.

یەکەم ڕۆژت بەبیردێتەوە کاتێک یاریزانەکەت بەرچاوکەوت؟

بەڵێ، لەهەمان هەفتەدا لەگەڵ خێزانەکەم چووین بۆ چاوپێکەوتنی لە تریس ئاریۆ کە شارێکی نزیکی باهیا بلانکایە، بەرانبەر یانەی باهیا بلانکا یاریی دەکرد.

ئەوکاتە تەمەنی چەند بوو؟ چۆن توانیت باوەڕێ پێبهینیت کە ببیتە لێپرسراوی کارەکانی؟

بۆ یەکەمجار چاوم پێیکەوت تەمەنی (١٥) ساڵ بوو، لەڕاستیدا قەناعەتپێکردنی یاریزانەکە زۆر قورسبوو، چونکە پێشتر تاقیکردنەوەی هەڵەی لەیانەکانی بوکا جونیۆرز و سان لۆرینزۆ ئەنجامدابوو، تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتو نەبوو بۆیە توشی دوودڵی هاتبوو.

دوای حەوت ساڵ و لەئێستادا لاوتارۆ یەکێکە لە کۆڵەکەکانی ئینتەرمیلان و باشترین ژمارە (٩)ی تۆپی پێ لە ئەوروپا، هەرگیز لەو باوەڕەدابوون بگەنە ئەو ئاستە؟

ڕاستییەکە ئەوەیە من و ڕۆلی زاراتی هاوکارم هەمیشە پێمانوابوو لاوتارۆ توانا و بەهرەیەکی ناوازەی هەیە، متمانەمان بەوەبوو بەخێرایی بەرەوپێش دەچێت و دەگاتە ترۆپکی تواناکانی و داهاتوویەکی پرشنگداری دەبێت، متمانەی لەدەستنەدا و بەخێرایی گەشەیکرد تا گەیشتە ئاستێکی باڵا.

لاوتارۆ چۆن لێکدانەوە بۆ پێگەی خۆی دەکات؟ کاتێک دەبینێت ناوی لەپەڕەی سەرەکی میدیاکاندایە و چەندین یانەی وەک بەرشلۆنە و مانچستەر سیتی خواستیان لەسەر گواستنەوەیەتی؟

گرنگییان پێنادات و وا مامەڵە دەکات هیچ ڕووینەداوە، یاریزانەکە تەنها سەرنجی لەسەر ئینتەرمیلانە، بێگومان ئەو گرنگییەش کە پێیدەدرێت دڵخۆشکەرە و دەیسەلمێنێت لە دۆخێکی باشدایە و کارەکانی بەسەرکەوتوویی بەڕێدەکەن.

مێسی لەچاوپێکەوتنێکدا بە تواناکانی لاوتارۆدا هەڵیدا و وتی: لاوتارۆ نایابە، لەدۆخێکی باشدایە و ئاستێکی سەرسوڕهێنەر پێشکەشدەکات، زۆر بەهێزە، لەڕووبەڕوبونەوەی تاکە کەسیدا بەتوانایە و لە کۆتاییهێنان بە هێرشەکاندا سەرکەوتووە.
ئەم پیاهەڵدانە چۆن وەردەگرن؟

بێگومان پیاهەڵدانەکەی لیۆ کە باشترینی جیهانە بۆ لاوتی زۆر گرنگ و دڵخۆشکەرە، پێموایە وەسفکردنێکی جوانە و دڵنیایی پێدەبەخشێت.

پێتوایە پیاهەڵدانەکە گرنگ بێت، بەتایبەت ئەگەر لاوتارۆ لەدەرەوەی ئینتەرمیلان چانسی یاریکردنی بەدەستهێنا؟

ئەوەی ڕاستی بێت من نازانم، وەک پێمووتی لاوتارۆ تەنها بیر لە یانەی ئینتەرمیلان دەکاتەوە و سەرنجی لەسەر کێبڕکێکانی خولی ئیتاڵیایە.

پەیوەندی لاوتارۆ و مێسی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین چۆنە؟

پەیوەندییەکی زۆر باشیان هەیە، بەهەمان شێوە لەگەڵ یاریزانانی دیکەی هەڵبژاردەکە.

سەرۆکی یانەی ڕاسینگ باسی لەوەکردووە، لاوتارۆ لەتەمەنی (١٨) ساڵیدا یانەی ڕیاڵ مەدریدی ڕەتکردووەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ یانە ئەرجەنتینییەکەی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دەتوانیت ڕوونکردنەوەی زیاترمان پێبدەیت؟

ئەوە ڕوویدا، ئەگەر ئەو بڕیارەشیدابێت لەبەرئەوەبوو هەمیشە پێیوابووە لە یانەی ڕاسینگ کلەب دەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بۆ پێکهاتەی یەکەم یارییبکات.

لاوتارۆ هەرگیز نەیووتووە کە حەزی بە ڕیاڵ مەدرید نییە

هۆکار چیبوو ڕیاڵ مەدریدتان ڕەتکردەوە؟ لەدەرەوەی ئەرجەنتین بابڵێین لە ئەوروپا یانەیەک هەبوو سەرنجی ئێوەی ڕاکێشابێت، یاخود هاندەری بن؟

لاوتارۆ هەرگیز نەیووتووە کە حەزی بە ڕیاڵ مەدرید نییە، ئەو بڕیارەیدا تەنها لەبەرئەوەی لە ڕاسینگ کلەب سەرکەوتن دەستەبەربکات.

ڕێکخەرێکی یانەی ڕاسینگ باسی لەوەکردووە لاوتارۆ کۆکراوەیەکە لە تواناکانی ئیسنایدێر و میلیتۆ، تۆش هەر بەوشێوەیە دەیبینیت؟

بەڕای من لاوتارۆ کۆکراوەیەکە لە سێرجیۆ کون ئەگوێرۆ و لویس سوارێز، بەڵام لەڕاستیدا هەموو خەسڵەتەکان لە بریکارەکەمدا بوونی هەیە، لەبەرئەوەیە وەک یاریزانێکی جیاواز دەردەکەوێت.

پێتوایە لاوتارۆ و سوارێز لە یەک پێکهاتەدا بتوانن خۆیان بگونجێنن؟

نازانم، هیچ بیرۆکەیەکم نییە، ئەوە تەنها لەلایەن میدیا و ڕۆژنامەنوسانەوە ئاماژەی پێدەکرێت.

کۆتا پرسیار، یانەی ئینتەرمیلان بۆندی نوێکردنەوەی پێشکەشکردوون؟ ئەگەر بەرشلۆنە ململانێ بۆ گواستنەوەی بکات پلان و بیرکردنەوەتان گۆڕانکاری بەسەردادێت؟

لاوتارۆ بۆ ماوەی پێنج وەرز بۆندی لەگەڵ ئینتەرمیلان واژوو کردووە، ئەوەی دیکە کە باسدەکرێت تەنها پڕوپاگەندەی میدیاییە و هیچیتر.

بابەتی پێشتر

چاڤی: ئێستا لەخۆم ڕادەبینم ببمە ڕاهێنەری بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا چانسی هەیە

بابەتی دواتر

مۆرینیۆ: شکستەکەی بایرن ناچاریکردم لەناو ئوتۆمبێلەکەم دەست بەگریان بکەم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share