ئەمریكا لە بەردەوامبوونی “هێرشەكانی داعش” لە سنووری دەسەڵاتی هەرێم و عێراق نیگەرانە

نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ڕایگەیاندووە، وڵاتەكەی بە نیگەرانییەوە لەو هێرشانە دەڕوانێت كە داعش لە سنووری دەسەڵاتی هەرێم و عێراق ئەنجامیان دەدات.

جۆن گۆدفری، نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا كە بەشێك لە میدیا عەرەبییەكان بڵاویان كردووتەوە ڕایگەیاندووە، ئەمریكا هانی هاوبەشە ئەوروپییەكانی دەدات بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانی كامپی هۆل بدۆزنەوە.

گۆدفری ئەوەشی خستوەتەڕوو، دوو هەزار چەكداری نا عێراقی و سوری دەستگیركراون و لای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هاوبەشەكانیانن، ژمارەی ئەندامی خێزانی ئەو چەكدارانەش گەیشتووەنەتە 10 هەزار كەس.

نێردەكەی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، بوونی هەزاران منداڵ لە كامپی هۆل بە درێژایی چەند ساڵێك، جێی نیگەرانیی واشنتن و هاوپەیمانەكانیەتی.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، داعش هیشتا هەڕەشەیە بۆ هاوبەشەكانی هاوپەیمانان لە سوریا و دەرەوەی سوریا چ لە عێراق بێت یان هەر جێگایەكی دیكە.

نێردەی ئەمریكا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش نیگەرانی وڵاتەكەشی پیشانداوە لەو هێرشانەی داعش بەردەوام لە “سنووری ژێر دەسەڵاتی هەرێم و عێراق” ئەنجامیاندەدات.

بەگوێرەی زانیارییەكانی گۆدفری، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئازار، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانییەكە كۆبوونەوەیەك ساز بكەن و تیایدا باس لە هەوڵەكانیان بكەن بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش.

بابەتی پێشتر

چەکدارەکانی نزیک لە ئێران "لەناو دڵی مافیاگەریی دەروازە سنورییەکاندان"

بابەتی دواتر

وەك ئەوەی لەبەردەم دەرگای دۆزەخدا بین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share