ئیگالۆ: پارەی ئەوەم پێنەبوو ناوی خۆم لەسەر درێسی مان یونایتد چاپ بکەم، ئێستا خەون دەبینم

ئۆدیۆن ئیگالۆ ئەستێرەی نایجیری یانەی مانچستەر یونایتد لەچاوپێکەوتنێکدا دانی پێدادەنێت کە لەمنداڵییەوە هاندەری یانە سورە زەبەلاحەکەی ئینگلتەرا بووە.

لە وەڵامێکدا ڕەش ئەسمەرەکەی نایجیریا دووپاتیدەکاتەوە، لەڕابردوودا درێسێکی یانەی مانچستەر یونایتدی هەبووە، بەڵام پارەی ئەوەی پێنەبووە ناوی خۆی لەسەر درێسەکە چاپ بکات.

پەیوەندیکردنیشی بە یونایتدەوە بە فەخر و شانازی دەزانێت، بەتایبەت کە بۆ یانەیەک یاریی دەکات لە نایجیریا و ئەفریقا و جیهان بەگشتی خاوەنی زۆرترین هەوادارە.

ڕاستە لەتەمەنی منداڵییەوە ئاشقی مانچستەر یونایتد بوویت و درێسێکی یانەکەشت هەبووە؟
بەڵێ ڕاستە، درێسێکی شینی مانچستەر یونایتدم هەبوو، بەڵام هیچ ناوێک لەسەر درێسەکە چاپ نەکرابوو، ئەگەر بتەوێت ناوی یاریزانێک یان خۆت لەسەر درێسەکە چاپ بکەیت پێویستە بڕێک پارەی زیاتر بدەیت، منیش پارەم پێنەبوو ناوی خۆم و هیچ یاریزانێکی لەسەر هەڵبکۆڵم.

ئەو درێسە تایبەت بوو بە چ ساڵێک؟ وردەکارییەکانت لەبیرماوە؟
درێسێکی شین بوو، لەبەرئەوەی منداڵبووم لەبیرم نایەت تایبەتبوو بە چ وەرز و ساڵێک و چ لۆگۆیەکی لەسەر هەڵکۆڵرابوو.

سەیری یارییەکانی یونایتدت دەکرد؟
پێویستبوو بچینە جێگەی دیاریکراو بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یونایتد و ناچاریشبووین بڕێک پارە بدەین، ئەوکاتە لەگەڵ براکانم دەچووم یارییەکانم دەبینی، بەڵام ئێستا من لەو یانە مەزنە یاریی دەکەم کە لە نایجیریا هەوادارێکی بێشوماری هەیە.

هاوڕێکانت لە نایجیریا چی دەڵێن کاتێک دەتبینن بەدرێسی یونایتدەوە یاریی دەکەیت؟
هەموویان نامەی پاڵپشتی و پیرۆزباییم بۆ دەنێرن و دەڵێن شانازیت پێوە دەکەین، منیش بە پاڵپشتی و نامەکانیان زۆر دڵخۆش دەبم.

بۆ یەکەمجار کەی لە ئۆڵدترافۆرد یارییت کرد؟
بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٣ سەردانی یاریگای ئۆڵدترافۆردم کرد، لەناو بارەگای یانە و یاریگا مێژووییەکەدا سوڕامەوە و چەندین وێنەی یادگارییم گرت، لە ساڵی ٢٠١٦ بەدرێسی یانەی واتفۆردەوە یەکەم یارییم تێدا ئەنجامدا.

هەستت بەچی دەکرد؟
مانچستەر یونایتد یانەیەکی گەورەیە، یاریگای ئۆڵترافۆردیش سەرسامی کردم، لەدەرەوەی یاریگا وەستابووم وێنەم دەگرت، پاشان بەدرێسی واتفۆردەوە بەرانبەر یونایتد یارییم کرد، ئەوەش زۆر دڵخۆشی کردم.
لەدوای یارییەکە لەدەرەوەی یاریگاکە وەستام و سەیرم کرد و بەخۆمم ووت: ئەمە ئەو یاریگایەیە کە لەمنداڵییەوە لە تەلەڤیزیۆنەوە سەیری دەکەم، ئەوەتا ئێستا لەگەڵ واتفۆرد یاریی لەم یاریگایەدا دەکەم، هەستێکی ناوازەبوو، ئێستاش کە پەیوەندیم بە ڕێد دێڤڵزەوە کردووە ڕۆژ بەڕۆژ یادگاری خۆشتر و جوانتر لە ئۆڵدترافۆردی مەزن تۆماردەکەم.

بابەتی پێشتر

یوڤیچ: تائێستا لەبارودۆخی خۆم ڕازی نیم و هەندێجار لەخۆم دەپرسم چیم بەسەرهاتووە؟

بابەتی دواتر

چاڤی: ئێستا لەخۆم ڕادەبینم ببمە ڕاهێنەری بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا چانسی هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share