سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بڕیارەکەی بەغداد دەربارەی ‘جەلەولا’ نادەستوورییە و هەوڵی گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکەیە.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، گۆڕینی ناونیشانی کارگێڕیی گوڵاڵە (جەلەولا) لە ناحیەوە بۆ قەزا، بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەلایەن بەغدادەوە، هەوڵێکی ترە بۆ گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای بەشێکی دیکەی ناوچە کوردستانییەکان و پێچەوانەی بێچەندووچوونی بنەما گشتییەکانی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراقە.
دەشڵێت، ئەم هەنگاوە تاک لایەنە لەو ناوچانە، ئاماژەی روونە کە نیشانی دەدات نیەتی جددیان نییە پابەندی دەستوور و لێکتێگەیشتنی هاوبەشبن، سەرئەنجام رانەگرتنی ئەم هەڵوێست و بڕیارانە لەلایەن نوێنەرانی کوردستانەوە لە بەغداد، بۆ بڕیاری خراپتر و مەترسیی زیاترمان دەبات.