(10) یانەی گەورە لەوپەڕی تواناکانیاندا نەیانتوانی جامی چامپیۆنزلیگ بەرزبکەنەوە

10 یانە لە ترۆپکی تواناکانیاندا نەیانتوانی نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنن

سەرەڕای چنینەوەی نازناوی پریمەرلیگ و نیشاندانی باڵادەستی بەرانبەر یانە ئینگلیزییەکان و ئەوروپا بەگشتی، بەڵام یانەی مانچستەر سیتی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەدەستبهێنێت.

لە سەردەمی گواردیۆلا، یانە ئینگلیزییەکە دووجار نازناوی خولی نایابی بەدەستهێناوە، بەڵام لەو وادەیەدا نەیانتوانیوە قۆناغی هەشتی چامپیۆنز تێپەڕێنن.

لە بەرانبەردا یانە مێژووییەکانی وەک ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە و بایرن میونشن چەندین وەرز هەڵگری نازناوەکە بوون.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەو یانە گەورانە دەکەین کە لە ترۆپکی تواناکانیاندا بوون، بەڵام نەیانتوانی جامە گوێچکەدارەکە بەرزبکەنەوە..

ئارسیناڵ 2003/2004: تۆپچییەکان تاکە یانەبوون لە وەرزی 2003/2004 بەبێ دۆڕاندن نازناوی پریمەرلیگیان بەدەستهێنا، لەو وەرزەدا لە خول و جامە ناوخۆییەکان سێجار بردنەوەیان بەرانبەر چێڵسی تۆمارکرد، بەڵام لە خولی یانە پاڵەوانەکان (قۆناغی 16) بە جیاوازی گۆڵ بەرانبەر شین پۆشەکان شکستیانهێنا.

چێڵسی 2004/2005: لەسەردەمی مۆرینیۆ گەیشتنە لوتکەی تۆپی پێ و بە 95 خاڵەوە نازناوی پریمەرلیگیان بەدەستهێنا، لە قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ بەرشلۆنە و لە چارەکی کۆتایی بایرنیان تێپەراند، بەڵام لە نیوەی کۆتایی بەرانبەر لیڤەرپوڵ شکستیانهێنا.

یوڤانتۆس 1996-1999: لە نێوان ساڵانی 1996 بح 1999 بیانکۆنێری باڵادەستی ئەوروپا بوون، بەڵام چانس یاوەریان نەبوو، سەرەڕای بوونی زێدان و ڤیێری و دیشامپ یارییان دەکرد و مارچێلۆ لیپی ڕاهێنەر بوو، بەڵام بەرانبەر دۆرتمۆند (1997) و ڕیاڵ مەدرید و (1999) بەرانبەر یونایتد شکستیانهێنا.

ئەتلەتیکۆ مەدرید 2014-2016: لە دوو ساڵدا (2014 بۆ 2016) ئەتلەتیکۆی سیمیۆنی گەیشتبووە ترۆپکی تواناکانی، بەڵام لە فاینەڵی 2013/2014 ڕوبەڕوی ڕیاڵ بوونەوە و لە کۆتا ساتەکاندا دۆڕاندنیان تۆمارکرد، هەروەها لە فاینەڵی 2016 بەرانبەر هەمان یانە دووبارە شکستیانهێنایەوە.

ڤالێنسیا 1999-2001: لەسەرەتاکانی 2000 ڤالێنسیا یەکێبوو لە باشترینەکان، لە ناوخۆی ئیسپانیا ڕیاڵ و بارسایان دەستەمۆ کرد، بەڵام بەڵام لە یاری کۆتایی 2000 بەرانبەر ڕیاڵ مەدرید چانسی چنینەوەی چامپیۆنزلیگیان لەدەستدا و لە فاینەڵی 2001یشدا بە لێدانی یەکلاکەرەوە بەرانبەر بایرن میونشن دووبارە شکستانهێنا.

ئینتەرمیلان 1998/1999: ئینتەرمیلان لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو یەکێکبوون لە بەهێزترینەکان، خاوەنی ڕۆناڵدۆی بەرازیلی بوون و 1997/1998 جامی یەکێتی ئەوروپایان بەدەستهێنا، وەرزی 1998/1999 گەیشتنە چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام لەو یارییەدا ڕۆناڵدۆ بەهۆی پێکانەوە بەشدارینەکرد و بەرانبەر یونایتد شکستیانهێنا.

دۆرتمۆند 2012/2013: بەر لەوەی یۆرگن کلۆپ وەک ڕاهێنەر لە یانە زەردەکە دەستبەکاربێت، لە ساڵی 1997 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانیان بەدەستهێنابوو، دووبارە لەگەڵ کلۆپ گەیشتنەوە لوتکە و دوای تێپەڕاندنی ڕیاڵ مەدرید لە قۆناغی نیوەی کۆتایی، فاینەڵی 2012/2013یان بەرانبەر بایرن ئەنجامدا و 2-1 دۆڕاندنیان تۆمارکرد.

بەرشلۆنە 1993-1996: لە دوای چنینەوەی نازناوی چامپیۆنزی 1992 بەرشلۆنە تاوەکو 1996 لە جامە ئەوروپیەکە دابڕا و نازناوی دیکەی بەدەستنەهێنا، سەرەڕای ئەوەی لە باشترینەکانی ئەوروپا بوون و چوارجار نازناوی ناوخۆییان چنییەوە، بەڵام فاینەڵی 1994یان بەرانبەر میلان بە چوار گۆڵی بێوەڵام دۆڕاند، تەنانەت لە کۆتا وەرزی یۆهان کرۆیفی ڕاهێنەردا شکستیانهێنا لە گەیشتن بە خولە ئەوروپیەکە.

یوڤانتۆس 2014-2019: لە ماوەی پێنج وەرزدا ماسیمیلیانۆ ئالێگری پێکهاتەیەکی تۆکمەی بۆ یوڤی بونیادنا، پێنج نازناوی لەسەریەکی کالچیۆیان بەدەستهێنا، لە ساڵانی 2015 و 2017 گەیشتنە فاینەڵی خولی یانە پاڵەوانەکان و بەرانبەر بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید شکستیانهێنا.

ئەیاکس ئەمستەردام 1995 -1997: لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ئەیاکس یەکێکبوو لە باشترینەکانی ئەوروپا و جیهان، نازناوی وەرزی 1994/1995یان چنییەوە، خاوەنی پێکهاتەیەکی ئاگرین و مێژوویی بوون، بەڵام فاینەڵی 1995/1996یان بەرانبەر یوڤانتۆس دۆڕاند.

بابەتی پێشتر

پێدری: براکەم لەگەڵمدا دەژی و لە یانە ڕکابەرەکان سەرسامی مۆدریچ و بنزیمەم

بابەتی دواتر

بەڕێوبەری تەندروستیی سلێمانی: ئێستا لە قۆناغی مەترسیداین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share