پاش سەردانەكەی ئەمڕۆی بۆ بەغداد و ئەنجامدانی چەند دیدار و كۆبوونەوەیەك، وەزیری دەرەوەی قەتەر گەیشتە هەولێر.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئازار شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لەڕێی فڕۆكەخانەوە گەیشتە هەولێر و لەلایەن جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازیكرا.
بڕیارە شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان چەند دیدار و كۆبوونەوەیەك لە هەولێر ئەنجامبدات.
وەزیری دەرەوەی قەتەر پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەردانێك گەیشتە بەغداد و لەگەڵ هەریەك لە بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمار و مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق كۆبووەوە.
لەدیداریدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، وەزیری دەرەوەی قەتەر نامەیەکی دەستنووسی لە میری وڵاتەكەیەوە ڕادەستكرد كە بە فەرمی بانگھێشتی سەرۆک کۆماری کردووە بۆ سەردانیکردنی قەتەر.
هاوكات لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ مستەفا كازمی، تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پرسە هەرێمایەتییە هاوبەشەكان و هەوڵەكان بۆ هێوركردنەوەی دۆخی ناوچەكە كران، وەك ئەوەی نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی پێداوە.