قوباد تاڵەبانی و عەمار حەکیم پرسی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالكراوانیان تاووتوێ كرد

قوباد تاڵەبانی و شاندی یاوەری لەگەڵ سەرۆكی ڕەوتی حیكمە لە بەغداد كۆبوونەوە، داوای پشتیوانیی ئەو ڕەوتەیان كرد لە پرسی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە.

نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی قوباد تاڵەبانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بەوەكردووە، “قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە یاوەریی تەیمور، تاقانەی بەجێماوی ئەنفال، سەردانی عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە و هاوپەیمانیەتی (عراقیون) یان کرد و پێکەوە تاووتوێی چۆنییەتی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوانیان کرد لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە”.

ئەوەش ڕاگەیەندراوە، لە کۆبوونەوەکەدا كە ئەمڕۆ 18ی ئازار لە بەغداد بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستیی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە و داوایکرد، “عەمار حەکیم و ڕەوتی حیکمە پشتگیریی دۆسییەی قەرەبووکردنەوەی پاشماوەکانی جینۆسایدی کورد بکەن.”

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا تەیمور، تاقانەی ئەنفال کە شایەتحاڵی پرۆسەی ئەنفال و ڕزگاربووی گۆڕە بە کۆمەڵەکانە، چیرۆکی خۆی و کەسوکارەکەی گێڕاوەتەوە کە چۆن ئەنفال کراون و بەرەو گۆڕە بەکۆمەڵەکان براون، هەروەها باسی کێشە و گرفتەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوانی کرد لەئێستادا، وەك لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، عەمار حەکیم وێڕای کارلێککردنی لەگەڵ خەموژانی ئەنفالکراوان، تەیموری وەک شەهیدی زیندوو ناوبرد و وێڕای دەربڕینی پشتگیریی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی کیمیاباران، رایگەیاندووە، “پێویستە گرنگیی زیاتر بدرێت بە دۆسییەی ئەنفال و چیرۆکەکانی ئەنفال بەجۆرێک کە نەوەکانی ئێستا و داهاتووی عێراق ئاگاداری ئەو تاوانە گەورەیەبن کە ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە گەلی کورد کردوویەتی”.

نوسینگەی قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، بڕیارە هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال و بەرکەوتووانی کیمیارانی هەڵەبجە، قوباد تاڵەبانی سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بکات لە بەغداد.

بابەتی پێشتر

هاتوچۆ هۆكاری ڕوداوەكەی ئەمڕۆی سلێمانی ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

بۆرما.. ئۆنگ سان سوكی بە گەندەڵی تۆمەتباردەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share