شاندی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆككۆمار و فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆبووەوە

دیمەنێك لە كۆبوونەوەكە

شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد لەگەڵ سەرۆككۆمار و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكاندا كۆبووەوە و هەردوو پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی و بودجەی گشتیی عێراق تاوتوێكرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئازار شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق و بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكاندا لە بەغداد كۆبووەوە.

بەپێی زانیارییەكان لە كۆبوونەوەكەدا فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڕیاری هەماهەنگی تەواویان داوە تایبەت بە هەردوو پرۆژەیاساكە و بۆ ئەوەش بڕیارە ژوورێكی هاوبەش پێكبهێنن.

كۆبوونەوەكە لەكاتێكدایە چاوەڕوان دەكرێت هەردوو پرۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی و بودجەی گشتیی عێراق بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی سبەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە كۆبوونەوەی پێشوو محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند كە دەنگدان لەسەر پرۆژەی بودجە دەخرێتە ڕۆژی پێنجشەممەوە، بەڵام بە فەرمی تائێستا نەكراوە و چاوەڕوانی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە دەكەن.

بەڵام میدیا عێراقییەكان ئەمڕۆ لەسەر زاری سەرچاوە پەرلەمانییەكانەوە بڵاویانكردەوە، دانیشتنی سبەی ئەنجومەنی نوێنەران تەرخاندەكرێت بۆ دەنگدان لەسەر هەردوو یاسای بودجە و دادگای فیدڕاڵی.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدادە، بەڵام تائێستا شاندەكە لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كۆنەبووەتەوە و هیچ بڕیارێكیش لەبارەی كۆبوونەوەیەكی لەو جۆرە لەئێستادا نییە.

وتیشی، “بڕگەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجە و پابەندییەكانی وەك خۆی ماوەتەوە و هیچ گۆڕانكاری و پێشنیارێكی نوێ لە ئارادانییە”.

دەربارەی ئەوەی ئایا پرۆژەی بودجە دەخرێتە بەرنامەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانەوە وەك ئەوەی باسی لێوەدەكرێت، جەمال كۆچەر ئاماژەی بەوەكرد، بڕیارە هەردوو پرۆژەی بودجە و یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بخرێتە دانیشتنی سبەینێوە، بەڵام تائێستا بەفەرمی یەكلانەبووەتەوە، ئاماژەی بەوەشكرد ئەگەر بخرێتە بەرنامەی كارەوە ئەمشەو دەردەكەوێت.

ئەو پەرلەمانتارە مەرجی پێكەوە گرێدانی هەردوو یاساكەی لەلایەن هەندێك لە فراكسیۆنەكانەوە بە “ڕێگری و ئاستەنگ” ناوبرد.

شەوی ڕابردوو شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم گەیشتە بەغداد.

بابەتی پێشتر

بەرهەم ساڵح: پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد ناتەندروستن

بابەتی دواتر

فراكسیۆنی سەوز: درێژەدان بە لێبڕینی موچە ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

یەكێتی دوو كورسیی لەپارتی بردەوە
سڕینەوەی ئەنجامی پەنجەمۆری دووبارەی دەنگدان 15 كاندیدی سەرخست

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری دووپاتدەكاتەوە بە ‏ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەو وێستگانەی دەنگی دووبارەیان تێدا بووە، ‏دوای…
Total
0
Share