بەرهەم ساڵح: پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد ناتەندروستن

بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق

سەرۆككۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و ناوەند پێویستە لەسەر بنەمای دەستور بێت و دەشڵێت، پەیوەندییەكان تائێستا تەندروست نین.

بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی (سكای نیوز عەرەبی) كە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئازار بڵاوكرایەوە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند بە “ناتەندروست” ناودەبات و گفتوگۆی نیشتیمانی كە بتوانێت كێشەكان بەشێوەیەكی بنەڕەتی و ڕاستەقینە بخاتەڕوو بە چارەسەر ناودەبات.

بەرهەم ساڵح وتیشی، “كورد پێكهاتەیەكی سەرەكییە لە پێكهاتەكانی ئەم كۆمەڵگایە، پێشتر بەدەست ڕاوەدونان و بێسەروشوێنكردن و جەنگی لەناوبردن ناڵاندوویانە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “هاوپەیمانی بنەڕەتیمان لە دامەزراوەی عێراقی و كۆمەڵگای عێراقیدا هەیە كە پێیانوایە پێویستە دان بە مافەكانی كورددا بنرێت، لەهەمان كاتیشدا تێڕوانینی ناوەندێتی لە فەڕمانڕەواییدا هەیە كە دۆخی فیدڕاڵی و دۆخی فەرمانڕەوایی قبوڵ ناكات.. پرسەكە نابێت بەردەوام بێت، نە كورد ڕەزامەندە و نە عەرەب”

سەرۆككۆمار باسی لەوەشكرد، هاوڵاتی لە بەسڕە لەو سیستمە ناڕازییە، هاوڵاتی لە كوردستانیش بەهەمان شێوە ناڕازییە لە سیستمەكە، پێویستە بە وردی خوێندنەوەی بۆ بكەین.

جەخت لەسەر ئەوەشدەكاتەوە كە گفتوگۆی نیشتیمانی لەنێوان ڕۆڵەكانی نیشتیماندا دەتوانێت چارەسەری كێشەكان بكات و، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەش كە عێراق پێیدا تیپەڕیووە گەشبینی خۆی بۆ وەلانانی كێشەكان نیشاندەدات.

سەرۆك كۆماری عێراق باسیشی لە بیرۆكەكەی پێشووی جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تایبەت بە عێراق كرد و وتی، بیرۆكەكە بۆ دابەشكردن نەبوو، بەڵكو ئەو باسی لە پڕۆژەی سیستمی فیدڕاڵی لە عێراق دەكرد كە لەئێستادا لە دەستوردا بوونی هەیە.

بابەتی پێشتر

پاریس سانت جێرمان 3-0 لیل

بابەتی دواتر

شاندی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆككۆمار و فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share