سبەی ئەنجومەنی نوێنەران پرۆژەیاسای بودجە دەخاتە دەنگدانەوە؟

پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت، هیچ گۆڕانكاری و پێشنیارێكی نوێ تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجەدا لەئارادانییە و دەشڵێت، مەرجی پێكەوە بەستنەوەی یاسای بودجە و یاسای دادگای فیدڕاڵی ئامانج لێی “ڕێگرییە”.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئازار بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدادە، بەڵام تائێستا شاندەكە لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كۆنەبووەتەوە و هیچ بڕیارێكیش لەبارەی كۆبوونەوەیەكی لەو جۆرە لەئێستادا نییە.

وتیشی، “بڕگەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجە و پابەندییەكانی وەك خۆی ماوەتەوە و هیچ گۆڕانكاری و پێشنیارێكی نوێ لە ئارادانییە”.

دەربارەی ئەوەی ئایا پرۆژەی بودجە دەخرێتە بەرنامەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانەوە وەك ئەوەی باسی لێوەدەكرێت، جەمال كۆچەر ئاماژەی بەوەكرد، بڕیارە هەردوو پرۆژەی بودجە و یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بخرێتە دانیشتنی سبەینێوە، بەڵام تائێستا بەفەرمی یەكلانەبووەتەوە، ئاماژەی بەوەشكرد ئەگەر بخرێتە بەرنامەی كارەوە ئەمشەو دەردەكەوێت.

ئەو پەرلەمانتارە مەرجی پێكەوە گرێدانی هەردوو یاساكەی لەلایەن هەندێك لە فراكسیۆنەكانەوە بە “ڕێگری و ئاستەنگ” ناوبرد.

شەوی ڕابردوو شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم گەیشتە بەغداد.

بەر لە گەیشتنیان فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، سەردانی ئەمجارەی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد بەمەبەستی ئاگاداربوونە لە هەر گۆڕان و پێشهاتێكی تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا.

وتیشی، “بڕیارە شاندەكە ئەمجارەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كۆببنەوە تایبەت بەو دەقەی بودجە كە پەیوەستە بە خەڵكی كوردستانەوە تا وەك خۆی چۆن هاتووە تێپەڕێندرێت”.

فارس عیسا ئەوەشی ئاشكراكرد، هەموو بۆچوونەكان بەرەو ئەوەیە ڕۆژی پێنجشەممە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامبدرێت، سەردانەكەی ئەمجارەی شاندی هەرێمیش لەچوارچێوەی ئەو ئەگەرەدایە.

بابەتی پێشتر

بایدن هەڕەشە لە پوتین دەكات: باجی دەستێوەردانەكانی لە هەڵبژاردنی ئەمریكا دەدات

بابەتی دواتر

بەریتانیا هۆشداری لە پاشەكشەی دیموكراسیەت لە جیهاندا دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كازمی گەیشتە سنوور

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە سنوورەكانی نێوان عێراق و ئوردن. نووسینگەی میدیایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە…
Total
0
Share