بایدن هەڕەشە لە پوتین دەكات: باجی دەستێوەردانەكانی لە هەڵبژاردنی ئەمریكا دەدات

جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا

سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشە لە هاوتا ڕوسیەكەی دەكات و دەڵێت، باجی هەوڵەكانی بۆ كاریگەری دروستكردن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە ساڵی 2020دا دەدات.

جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (ئەی بی سی) كە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئازار بڵاوكرایەوە ئاماژەی بەوەدا ڤلادیمێر پوتین-ی هاوتا ڕوسیەكەی ڕوبەڕووی سزا دەبێتەوە بەهۆی هەوڵەكانی لە دروستكردنی كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ساڵی 2020 لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ، باسی لەوەشكرد ئەو هەنگاوەش بەمنزیكانە دێتەدی.

لە وەڵامی پرسیاری بێژەرەكەشدا بەوەی ئایا سەرۆكی ڕوسیا بە “بكوژ” دادەنێت، بایدن وتی، “بەڵێ باوەڕم وایە”.

وتەكانی سەرۆكی ئەمریكا لە پاش بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتێكی هەواڵگریی ئەمریكایە كە تیایدا پوتین لە پشت هەوڵەكانی مۆسكۆ بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی ئەمدواییەی سەرۆكایەتی ئەمریكا تۆمەتباردەكات، لە بەرامبەریشدا ڕوسیا ڕەتیكردەوە و بێ بنەما و ناڕاست ناویبرد.

ڤیاچیسلاڤ ڤۆلۆدین، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران (دۆما) لە پەرلەمانی ڕوسیا و كەسی نزیك لە پوتین، لە پەیجی خۆیەوە وتەكانی بایدنی بە “هێرش” بۆ سەر ڕوسیا ناوبرد.

ئەوەشی وت، “پوتین سەرۆكمانە و هەر هێرشێك بۆ سەری هێرشە بۆ سەر وڵاتەكەمان”.

س: DW

بابەتی پێشتر

كۆرۆنا لە هەرێم.. 541 توشبووی نوێ تۆماركرا

بابەتی دواتر

سبەی ئەنجومەنی نوێنەران پرۆژەیاسای بودجە دەخاتە دەنگدانەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share