چیرۆکی گۆرانی “بە تەنها جێم مەهێڵن” سمبولی کیمیایی بارانی هەڵەبجە

لەماوەی زیاتر لە 30 ساڵی ڕابردوودا گۆرانی “بە تەنها جێم مەهێڵن” وەک تاکە گۆرانی کە گوزارشت لە خەم و کارەساتی کیمیایی بارانی هەڵەبجە بکات لە گوێی زۆرینەی کورددا دەزرنگێتەوە، گۆرانییەکە بە جۆرێک بووەتە سمبولی کارەساتەکە کە ئەگەر لە هەر شوێنێک گوێمان لێی بێت شەهیدانی هەڵەبجەمان بیر دەکەوێتەوە.

چیرۆکی گۆرانییەکە لە کوێیوە دروست بوو؟

کاتێک لە چوارچێوەی شەڕی ئێران عێراقدا حکومەتی بەعس بە چەکی کیمیایی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بۆردومان کرد و بە دیاریکراوی شاری سەردەشتی بۆردومان کرد، لە ساڵی 1987 دا، ئەو کات لە کارەساتەکەدا نزیکەی 200 کەس بە چەکی کیمیایی مردن، هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەریەک بە جۆرێک گوزارشتی هونەری خۆی بۆ کارەساتەکە دەربڕی، مامۆستا عەلی عابدی، ئاوازی بۆ گۆرانیی بە تەنها جێم مەهێڵن داناوە و گەنجێک بەناوی “هێدی قادری” گۆرانییەکەی بچڕی.

هێدی قادری، خاوەنی وتنی گۆڕانییەکە چیرۆرۆکی ئەو کارە هونەرییە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دەگێڕێتەوە و دەڵێت، “ئاوازی گۆرانییەکە لەلایەن مامۆستا عەلی عابدییەوە دانرا و من گۆرانییەکەم وتەوە، شیعرەکە لە بناغەدا هی (ڕەفیق سابیر)ە و (ساڵح سوزەنی) کە شاعیرێکی خەڵکی شاری سەقزە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرباری شیعرەکەی کردووە و منیش گۆرانییەکەم وتەوە”.

هێدی قادری بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “گۆرانییەکە گۆڕانکاری تێداکرا لە ساڵی 1991 دا ئەویش کاتێک بوو کە من سەردانی باشوری کوردستانم کرد و ئاشنای مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی بووم، ئەو توانی سەرباری کارەکە بکات و مۆسیقای سەرەتای گۆرانییەکە داڕێژێتەوە”.

لەبارەی ئاشنابوونی بە مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی، هێدی قادری دەڵێت ” مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی گۆرانییەکەی تازە کردەوە و هەر ماڵی خۆیان لە شاری سلێمانی گۆرانییەکەمان نوێکردەوە و بەیەکجار وتن، بێ دووبارە کردنەوە ئەم گۆرانییەی لێ بەرهەم هات”.

شیعری گۆرانییەکە لە نێوان دوو شاعیردا

ئیلهامی شیعری گۆرانی “بەتنها جێم مەهێڵن” لە بناغەدا هی ڕەفیق سابیرە پاشان ساڵح سوزەنی سەرباری شیعرەکەی کردووە و ئەو تێکستە کە لە گۆرانییەکەدا بەکار هاتووە تێکستەکەی ساڵح سوزەنییە.

بەهۆکاری نەبوونی ئینتەرنێت و کەمی هۆکارەکانی پەیوەندی ساڵح سوزەنی و ڕەفیق سابیر نەیانتوانیووە پێکەوە هەماهەنگی بکەن و ڕێکبکەون لەسەر تێکستی گۆرانییەکە، بەڵام بە هەوڵی هەردوو شاعیر شاکارێکی نەمر بۆ کارەساتەکانی هەڵەبجە و سەردەشت.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوتی خاوی برێنت لەخوار 69 دۆلارەوە یاری دەكات

بابەتی دواتر

سبەی ئاسمانی هەرێم دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و باران دەبارێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share