وەزارەتی تەندروستی: لە هەفتەی داهاتوودا ڤاکسینی ئەسترازێنیکا دەگاتە عێراق

بەڕێوبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەمڕۆ شەممە 13ی ئازار ڕایگەیاند کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەبارەت بە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بەدواداچوون دەکات و ئەگەریشی هەیە لە هەفتەی داهاتوودا ڤاکسینەکە بگاتە عێراق.

لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمیی عێراق دکتۆر سەباح حلفی، بەڕێوبەری گشتیی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لێکۆڵینەوە لە ڤاکسینی ئەسترازێنیکای بەریتانی – سویدی دەکات دوای ئەوەی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپی ڕایانگەیاند چەند کەسێک لەوانەی ڤاکسینەکەیان بەکارهێناوە تووشی جەڵتەی خوێن بوون.

ئەو بەرپرسە تەندروستییە ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا ڤاکسینەکە نەگەیشتووەتە عێراق ئەگەری هەیە لە هەفتەی داهاتوودا ڤاکسینەکە بگاتە دەستمان، هەروەها ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لێکۆڵینەوەکانی بەردەوامە لەگەڵ ئەو چوار وڵاتەی کە حاڵەتی جەڵتەی خوێنیان لە دوای بەکارهێنانی ڤاکسینەکە تۆمارکردووە تاوەکو دڵنیابن کە هۆکارەکەی ئەو ڤاکسینە بووە یان هۆکاری دیکەی هەبووە.

بەڕێوبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕاشیگەیاند کە بەریتانیا ئەو ڤاکسینەی داوە بە دەیان ملیۆن هاوڵاتیی وڵاتەکەی، بەڵام هیچ حاڵەتێکی لەوجۆرەی تۆمار نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو چەند کەسەی تووشی حاڵەتی جەڵتەی خوێن بوون لەو چوار وڵاتە ئەوروپییە بەراورد بە کوتانی ملیۆنان کەس بە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا زۆر کەمن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی بەپێی ئەنجامی ڕاپۆرتەکان لە پەیوەندیی نێوان ڤاکسینەکە و حاڵەتەکانی جەڵتەی خوێن بڕیاری وەستاندنی ڤاکسینەکە یان بەکارهێنانی دەدات.

بابەتی پێشتر

بۆ دووبارەنەبوونەوەی جەنگی عێراق.. كۆنگرێس كار لەسەر كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی بایدن دەكات

بابەتی دواتر

عێراق بازاڕی نەوتی ئەوروپا لە بەرژەوەندی دوو وڵاتی دیكە لەدەستدەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share