دەوامی زانكۆ و پەیمانگاكان ڕاگیرا و سزای نەپۆشینی دەمامك دەگاتە 1 ملیۆن دینار

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا دەوامی زانكۆ و پەیمانگاكان تا ڕۆژی 25ی ئازار ڕابگیرێت و ئەو ماوەیە دەكرێت بە پشوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كە تایبه‌تە به‌ رێكاره‌كانی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی پەتای كۆرۆنا و كەمێك لەمەوبەر بڵاوكراوەتەوە، ده‌وامی زانكۆ و په‌یمانگا‌كانیش هاوشێوەی خوێندنگەكان راگیرا.”

ڕاگەیەندراوەكەی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكردووە كە بڕیارەكە دەوامی پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە ناگرێتەوە و خوێندكارانی ئەو پەیمانگایانە و خوێندكارانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەردەوام دەبن لە پرۆسەی خوێندن، تاقیكردنەوە بەراییەكانی پۆلی دوازدەش بەگوێرەی خشتەی دیاریكراوی خۆیان ئەنجام دەدرێن.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە دەوامی خوێندكارانی پۆلی یەكی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی ڕادەگیرێت و تاوەكو ڕۆژی 25ی مانگ پشوو دەبێت.

یەكێكی تر لە بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ، پەیوەستە بە پۆشینی دەمامك و لەو بارەیەوە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، “هەر هاوڵاتییەك لە شوێنە گشتییەكاندا دەمامك نەبەستێت بە بڕی 20 هەزار دینار سزا دەدرێت.”

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە نابێت شوێنە گشتییەكان ڕێگە بە هاوڵاتی بدەن بەبێ دەمامك بچێتە ژوورەوە، بە پێچەوانەوە شوێنەكە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ دادەخرێت و خاوەنەكەی بە بڕی یەك ملیۆن دینار سزادەدرێت.

ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ ئاشكرایكردووە، “پێویستە شۆفێر و سەرنشینان دەمامك بپۆشن، بە پێچەوانەوە شۆفێر بە 50 هەزار دینار سزادەدرێت.”

هەر بەگوێرەی بڕیارەكان، لە دامەزراوەكانی كەرتی تایبەتدا دەبێت كارمەندان و هاوڵاتییان دەمامك بپۆشن، بەپێچەوانەوە شوێنەكە بە 150 هەزار دینار سزادەدرێت.

یەكێكی تر لە بڕیارەكان، درێژەدانە بە قەدەغەكردنی چوونە سەر قەبران و دانانی پرسە لە مزگەوت و ماڵان و كۆڵان و باخچەكاندا و سەرپێچیكار بە بڕی دوو ملیۆن دینار سزادەدرێت.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. تاکە یادەوەری ساسانییەکان لە عێراق خەریکە لەناودەچێت

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) لوتکەی یونایتد و میلان بە یەکسانبوون کۆتاییهات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share