دۆناڵد ترەمپ باس لەو دەرمانە دەكات كە وەك چارەسەر بۆی بەكارهێنراوە

دۆناڵد ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە ڤیدیۆیەكدا لەبارەی توشبوونی خۆی و پرۆسەی چارەسەری كۆرۆناوە ڕاگەیاند، “دەمەوێت هەمان ئەو چارەسەرەی بۆ من کرا بۆ ئێوەش بکرێت و ئەو دەرمانە بێ بەرامبەر دەکەم”.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە چارەسەری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ وەردەگرێت لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە باخچەی کۆشکی سپی لەبەردەم نوسینگەی ئۆڤاڵ تۆماری کردبوو ئاماژەی بەوە کرد، ئەنتی بۆدی کۆکتەیڵ کە کۆمپانیای ڕیگینیرۆن دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ پەرەی پێداوە بۆ خۆی زۆر باش بووە و ئەو دەرمانە بێ بەرامبەر بۆ هەموو کەسێک دروست دەکەن و ڕاشیگەیاند، ”پێموایە ئەو نەخۆشییە بەزەیی خوایە بۆ من”.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی سەربازیی واڵتەر ڕید، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی و وتی، ”دەمتوانی لە کۆشکی سپی بمێنمەوە، بەڵام پزیشکەکان بە وتنی ئەوەی من سەرۆکم، بردیانم بۆ نەخۆشخانە”.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشكراشیكردووە، ”پزیشکەکان کارێکی زۆر باشیان کرد، کاتێک چووم بۆ نەخۆشخانە هەستم نەدەکرد زۆرباش بم، دەرمانێکیان دامێ بەناوی ڕیگینیرۆن، شتی دیکەشیان کرد، بەڵام بەڕای من بنەڕەتترین دەرمان ئەوە بوو، ئەوەی ڕویدا لە ماوەیەکی کورتدا باوەڕپێکراو نەبوو، هەستم کرد باش بووم”.

دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد، دەسەڵاتی ”بەکارهێنان لە کاتی لەناکاودا” دەدەن بە دەرمانی بەناو ڕیگینیرۆن و راشیگەیاند، ”ئەگەر لە نەخۆشخانەن و هەست دەکەن دۆختان خراپە، ئەوا ئەو دەرمانە بەبێ بەرامبەر وەربگرن”.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، زانایان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، کاری زۆر باشیان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا کردووە و لەئێستادا، بوونی دەرمانێک کە دژبە ڤایرۆسەکە بەکاربهێنرێت گرنگترە لە پێکوتە.

ترەمپ دووپاتیشی کردەوە کە کارەکانی دروستکردنی ڤاکسین بەخێرایی درێژەی هەیە و گوتی، ”لە کاتێکی کورتدا ڤاکسینمان دەبێت، بەڕای من دەبوو پێش هەڵبژاردنەکان ئەوەمان بکردایە، بەڵام سیاسەت کەوتە ناو کارەکەوە، کێشە نییە، ئەوان دەیانەوێت یارییەکانیان بکەن، دوای هەڵبژاردنەکان ڤاکسینمان دەبێت”.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، فەرمانگەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا زۆر خێرا کاریکردووە و بەم شێوەیە باسی لە دەرمانی کۆمپانیای ڕیگینیرۆن کرد، ”پێموایە ئەو نەخۆشییە بەزەیی خوایە بۆ من، لێرەدا بەزەییەکی شاراوە هەیە، تووشی ئەو نەخۆشیە بووم، ئاگاداربووم لەو دەرمانە، پێمگوتن کە ئەو دەرمانەم پێ بدەن، ئەوە پێشنیازی من بوو، دەرمانەکەش زۆر باش و بەسوود بوو، ئەگەر ئەو نەخۆشییەم نەگرتایە ئاگادار نەدەبووم لەو دەرمانە، دەمەوێت هەمان ئەو چارەسەرەی بۆ من کرا بۆ ئێوەش بکرێت و ئەو دەرمانە بێ بەرامبەر دەکەم”.

ترەمپ دووبارە چینی تۆمەتبارکردەوە لەبارەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ رایگەیاند، ”ئەوەی ڕویدا هەڵەی چین بوو نەک ئێوە، چین باجێکی گەورە دەدات بۆ ئەوەی بەسەر ئەم وڵاتە و جیهاندا هێنای”.

بابەتی پێشتر

'ژنە تیرۆریستێك دەستگیركراوە' وەك ماكینەی ئیعلامی داعش ناوبراوە

بابەتی دواتر

ئیزمیر.. دەستگیركردنی 25 كۆچبەری نایاسایی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لەسەروو 75 دۆلارەوە مامەڵەی…
Total
0
Share