بەرگری شارستانی سلێمانی لە ژێر کاریگەری ڕەشەبا و زریانەکەی ڕابردوو لە سلێمانی چەند ڕێنماییەک دەداتە هاوڵاتییان و بە گشتی ڕێنمایی هاوڵاتییان دەکات دوربکەونەوە لەو شوێنانەی ئەگەری لێبوونەوە و پارچە پارچە بوونی یان کەوتنی هەیە.
بەرگری شارستانی سلێمانی لە ئەگەری دروستبوونی ڕەشەبا و زریاندا داوا لە هاوڵاتییان دەکات ئەم ڕێنماییانە جێ بەجێ بکەن:
1_دوورکەوتنەوە لە هەر کێبڵێکی شۆڕ بووەوە لە ئەگەری پچڕاندن و مەترسی بوونی تەزووی کارەبا تیایدا.
2_ دوورکەوتنەوە لە بینا و باڵەخانە تەواونەکراوەکان لە ئەگەری کەوتنەخوارەوەی کەلوپەلی بیناسازی و بەربوونی ئەسکەلە بەستراوەکان.
3_ نەوەستان و دوورکەوتنەوە لە درەختە گەورەکان چونکە ئەگەری شکان و هەڵکەندنی هەیە.
4_ ئاگاداربوون لە کاتی شوفێریکردن بە تایبەتی لەو کاتانەدا کە زریان و گێژەڵووکە تەپوتۆز و خۆڵبارینی لەگەڵدایە و مەودای بینن کەم دەبێتەوە، و زۆر پێویستە ئاگاداری هێماکانی هاتووچۆ بین.
5_ داخستنی دەرگا و پەنجەرەکانی ناو ماڵ بۆ ڕێگریکردن لە تەوژمی هەوایی بەردەوام لە ناو ماڵدا، کە دەبێتە هۆی ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو و کەوتنەخوارەوەی کەلوپەلی ناوماڵ.
6_ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و پێدانی زانیاری بە مناڵان دەربارەی زریان و گەردەلوول تاوەکو لە کاتی دروستبوونیدا نەبێتە هۆی ترسان و دڵەڕاوکێیان چونکە زریان و گەردەلوول دەنگێکی ترسێنەری هەیە.
7_ئاگاداربوون لە کاتی پەڕینەوە لە شەقامەکان بە تایبەتی لە کاتەکانی شەودا چونکە زریان و گێژەڵووکە زۆر جار بەهۆی خۆڵ و تۆزە وە مەودای بینین کەم دەکەنەوە بە تایبەتی بۆ شۆفێران.
8_ لابردنی هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە ترسی با بردن و جوڵاندنیان هەیە لە لەسەر سەربانی ماڵ و باڵەخانەکان بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوی نەخوازراو لە ئەنجامی کەوتنیان.
9_دوورکەوتنەوە و نەوەستان لە ژێر ریکلامە هەڵواسراوەکان لە شوێنە گشتییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی کە قەبارەیان گەورەیە.
10_ جێگیرکردنی چەتر و چەرداخ و کۆشکی شوێنە گشتییەکان بە شێوەیەکی گونجا و تووندو تۆڵ، بە تایبەتی ئەو جۆرانەی کە قاچی ئاسنینیان هەیە.
11_ ئاگادارکردنەوەی ئەو باڵەخانانەی کە بە ماددەی (کۆبوند) ڕووپۆشکراوە لە ئەگەری بابردن و هەڵدانی پارچەکانی لە کاتی زریان و گەردەلوولدا.
12_ ئاگاداربوونی تەواوی تاوەر و هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە ئەگەری جووڵان و کەوتنە خوارەوەیان بە تایبەت ئەوانەی کە لە سەر یەکەکانی نیشتەجێبوون جێگیرکراون.
13_ دەستبەجێ خێرا پەیوەندی کردنی بە بەشی کۆنترۆڵی بەرگری شارستانی سلێمانی ژمارە (115) کە بە بێ بەرامبەرە لە هەر جۆرە هێڵێکی پەیوەندیکردنەوە.