پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی سائیرون ڕونكردنەوە دەربارەی بوونی ڕێككەوتنی سیاسی لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 و یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی لە دانیشتنی دووشەممەی داهاتوودا دەدات.
ڕیاز مەسعودی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی سائیرون ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی ئازار وتی، تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێكی سیاسی لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بوونی نییە، دانانی پرۆژەكەش لە بەرنامەی كاردا، مانای تێپەڕاندنی نادات، یاساكە ناكرێت بەبێ ڕێككەوتنی سەرجەم هێزە سیاسییەكان تێبپەڕێندرێت.
مەسعودی لە لێدوانێكی ڕۆنامەوانیدا دوپاتیشیكردەوە، “هیچ ڕێككەوتنێك لە ئارادانییە لەسەر تێپەڕاندنی یاسای بودجە و یاسای دادگای فیدڕاڵی لە دانیشتنی دووشەممە، وتوێژەكان بەردەوامن، بۆ چارەسەری ناكۆكییەكان لەسەر هەردوو یاساكە”.
ئەوەشی وت، ناكۆكییەكان لەسەر بڕگەكانی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی-ش تائێستا بەردەوامە، ئەم یاسایەش ناكرێت بەبێ ڕێككەوتنی سەرجەم هێزە سیاسییەكان تێپەڕێت.
بڕیارە ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو كۆببێتەوە پاش دانانی پرۆژەیاسای بودجە لە بەرنامەی كاردا، كە 150 پەرلەمانتار لە یاداشتێكدا داوایانكردبوو.
لەبارەی ڕێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد لەسەر پشكی هەرێم هۆشداری دەدرێت
پێشتر شیروان میرزا، ئەندامی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “چاوەڕێی ئەوە دەكەین لە ڕۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەكانی لیژنەی دارایی دەستپێبكەنەوە و لەسەر پشكی هەرێمیش ڕێككەوتن بكرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، “خۆی پەلەكردن لە دەنگدان لەسەر بودجە، داواكاریی 150 پەرلەمانتار بوو دەمێكیشە دەیانەوێت پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق لەگەڵ یاسای دادگای باڵای فیدراڵی تێپەڕێنن، ئێستا ئەو پرۆژەیە سێ مادەی ماوە بڕیارە دووشەممەی داهاتوو تەواوبكرێت و دواتر دەنگیش لەسەر بودجە بدرێت”.
لەبارەی پشكی كورد لە پرۆژەیاساكەدا، شیروان میرزا وتی، “ئەو دەقەی لە حكومەتەوە هاتووە نەگۆڕاوە و جێگرەوەی نییە، ئەگەر جێگرەوەش بۆ ئەو دەقەی هەرێمی كوردستان دابندرێت و دەستووری بێت و قابیلی قبوڵكردن بێت، ئەوا دەنگی لەسەر دەدەین، تا ئێستاش ئەو پێشنیارانەی هەن دوورنین لە بەرژوەندیی هەرێم”.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو پەرلەمانتارە، ئەگەر دەنگ لەسەر پرۆژەیاساكە بدرێت، دەنگ لەسەر كۆی پرۆژەكە دەدرێت بە پشكی هەرێمیشەوە و جیاناكرێتەوە.
لە دوو دانیشتنی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگ لەسەر 21 مادەی یاسای دادگای فیدڕاڵی درا و، تەنها سێ مادەی یاساكە ماوەتەوە.
لەكاتێكی پێشتردا محەمەد غزی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئاشكرایكرد، لەو سێ مادەیە ڕێككەوتن لەسەر دووانیان كراوە، ئەوەی ماوە تەنها مادەیەكە كە كۆبوونەوە و گفتوگۆی لەسەر و دەتوانین كۆتایی پێبهێنین بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی یەكلاكەرەوەی یاساكە ئەویش لە ڕۆژی شەممە یان دووشەممەی داهاتوو.