جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: پڕۆژە وەستاوەكان دەستپێدەكەنەوە

مۆنۆمێنتی هەڵەبجە

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، بەپێی بڕیارە نوێیەكەی حكومەتی هەرێم 30 ملیار دینار بۆ پارێزگاكە تەرخاندەكرێت و دەشڵێت، زیاتر لە دوو لەسەر سێی تایبەت كراوە بە پڕۆژە وەستاوەكان بۆ ئەوەی دەستپێبكەنەوە.

شەوی ڕابردوو جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامدەدرێن.

وتیشی، “پڕۆژەكان بەشێکیان پەیوەندییان بە پەرەپێدانی پارێزگاکانەوە هەیە و پێشتر لەلایەن سەرۆکی حکومەت پەسەندکراون و بەشێکیش لەو پڕۆژانەن کە لەلایەن وەزارەتەکانەوە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن”.

كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی ئازار بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، پێشتر وەك پارێزگا داوامانكرد پڕۆژە وەستاوەكانی چوارچێوەی پڕۆژەكانی پەرەپێدان و وەبەرهێنان و پتڕۆدۆلار دەستپێبكرێتەوە و ئەوەندەی زانیاریمان پێگەیشتووە تەرخانكردنەكەی حكومەت زیاد لە دوو لەسەر سێی تایبەت كراوە بە پرۆژە وەستاوەكان بۆ ئەوەی دەستپێبكەنەوە.

وتیشی، “كۆی پارەكە نزیكەی 30 ملیارە دینارە، كە پردی تووەقوت نزیكەی هەشت ملیارێكی دەبات و ئەوی دیكەیشی كۆمەڵێك پڕۆژەی بچوكە لەناو سنووری پارێزگای هەڵەبجە”.

كاوە عەلی ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەی تازە ژمارەكەیان كەمە و بچوكن.

دەربارەی ئەوەی ئایا پڕۆژەی ستراتیژی دیكەی پارێزگاكە هەن كە ڕەزامەندییان لەسەر نەدرابێت، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وتی، “بەڵێ پردی سازان و ڕێگەی سازان بە یەكێك لە گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دادەنرێت كە تائێستا ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنی نەدراوە”.

ئەوەشی ڕونكردەوە، بەپێی دابەشكاری بودجە پڕۆژە ستراتیژییەكان نابێت بكەونە چوارچێوەی دابەشكردنی ڕێژەوە، بۆیە پێشنیاری ئەوەیان كردووە كە پردی تووەقوت و ڕێگا و پڕۆژە ستراتیژییەكانی دیكە بەدەربێت لەو بودجەیەی بۆ هەڵەبجە دیاری دەكرێت.

ئەوەشی ئاشكراكرد، پارەكە هێشتا نەگەیشتووە، تاكو تەمویلی گەنجینەكان نەكرێت و وەزارەتی دارایی نوسراو نەكات هیچ پڕۆژەیەك دەستپێناكاتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، پرۆژەكان بریتین لە:
• دروستکردنی پردی تووەقوت کە پڕۆژەیەکی ستراتیجییە و گەرمیان و هەڵەبجە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
• 15 پڕۆژەی خزمەتگوزاری قیڕ و گەیاندنی ئاو لە سنووری شارەوانیی هەڵەبجە.
• نۆژەنکردنەوەی چەندین قوتابخانە.
• گەیاندنی کارەبا و دانانی محاویلە بۆ 9 شوێنی جیاواز لە سەنتەری شاری هەڵەبجە.
• نۆژەنکردنەوەی باڵاخانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان.
• تەواوکردنی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی هەڵەبجە.

بابەتی پێشتر

پارێزگای هەولێر ڕێکارە نوێیەکانی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنای بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ یارییەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی یوروپا لیگ ئەنجامدەدرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share