بلینكن: گڵۆپی سەوزمان بۆ گەڕانەوەی پارەكانی ئێران لە عێراق هەڵنەكردووە

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكاتەوە كە باس لەوەدەكەن ئیدارەی ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ هەندێك لە وڵاتان هەڵكردبێت بۆ گەڕانەوەی ئەو پارانەی ئێران كە بەهۆی سزاكانی وڵاتەكەیەوە دەستی بەسەرداگیراوە.

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕۆژی چوارشەممە 10ی ئازار لەمیانەی دانیشتنێكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران وتی، ئەوەی باسی لێوەدەكرێت بەوەی ئیدارەی ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ ژمارەیەك وڵاتی دیاریكراو هەڵكردبێت وەك كۆریای باشوور و عێراق بۆ گەڕانەوەی ئەو ملیاران دۆلارەی نەوتی ئێران كە بەپێی سزاكانی ئەمریكا بلۆك كراون، هیچ نین جگە لە زانیاری “هەڵە”.

بلینكن ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هیچ ڕێگەپێدانێك لەو بارەیەوە لەئارادانییە “تا دوای گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی نەبێت” و وتی، “ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە بۆ پابەندییەكانی بەپێی ڕێككەوتنی ئەتۆمی، هەمان هەنگاو دەنێین”.

پێشتر حەسەن ڕۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران داوای لە عێراق كرد ئەو ملیاران دۆلارەی بۆ بگەڕێنێتەوە كە لە بانكەكانی عێراقدا بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە دەستیان بەسەرداگیراوە، ئەمەش لەمیانەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدابوو كە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران ئەنجامیدا.

لای كۆریای باشوور-یش پارەی بلۆككراوی ئێران هەیە، لە كانونی دووەمی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی تاران داوایان لەو وڵاتە كرد پارەكەیان بۆ بگەڕێننەوە كە دەگاتە حەوت ملیار دۆلار، لە بەرامبەر ئازادكردنی ئەو نەوت گوێزەرەوە كۆرییەی لەلایەن هێزەكانی پاسدارانەوە لە ئاوەكانی كەنداودا دەستی بەسەرداگیراوە.

لە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا كشانەوەی یەكلایەنەی وڵاتەكەی لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و گەورە وڵاتانی جیهان ڕاگەیاند و سزاكانی وڵاتەكەی بۆ سەر تاران دەستپێكردەوە.

س: ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێكی فەتح: توركیا پلانی هەیە هێرشی زەمینی لەناو عێراق ئەنجام بدات

بابەتی دواتر

توێژەران ئامۆژگاریت دەكەن: ماسی بخۆ و خۆت لە نەخۆشی دڵ بپارێزە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share