ژمارەیەك كرێكار لەكاتی ئەنجامدانی كارێكی كارەبایی لە وێڵز، تونێلێكی نهێنی-یان ئاشكراكرد كە دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی ناوەند و تەمەنی نزیكەی 900 ساڵە.
تونێلەكە لەلایەن كرێكارانی كۆمپانیای (Western Power Distribution) لە ناوچەی مۆنماوسشایر و لە نزیك ناوچەیەكی شوێنەواری دۆزراوەتەوە، لەكاتی هەڵكەندنی چاڵ بۆ كێبڵی كارەبایی، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی ئیندیپێندت بڵاویكردوەتەوە.
لە دروستكردنی تونێلەكەدا، كە بەرزییەكەی 1.2 مەترە، خشت بەكارهێنراوە، پاش هەڵكەندنی شوێنەكە بە درێژایی ناوچەیەكی نزیك لە ڕوبارێكی بچوك.
بەپێی كۆمپانیاكە سەرجەم نەخشە تۆبۆگرافییەكانی ئێستا هیچ ئاماژەیەكی سەبارەت بە تونێلەكە تیانییە، هەروەك دانیشتووانی ناوچەكە و بەرپرسانیش هیچ شتێكی لەبارەوە نازانن.
بەپێی شارەزایان تاوتوێكردنی تونێلەكە بەشێوەیەكی ورد پێویستی بە چەند ساڵێكە.