کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی تایبەت بە بواری دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوت بڕی 23.9 ملیۆن دۆلاری حەقدەستی مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرت.
كۆمپانیاكە ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئازار ڕایگەیاند، بڕی 17.5 ملیۆن دۆلار وەک حەقدەستی کێڵگەی تاوکێ، 2.6 ملیۆن دۆلار حەقدەستی کێڵگەی تەقتەق و 1.5 ملیۆن دۆلاری حەقدەستی کێڵگەی سەرتایان لە حکومەتی هەرێم بۆ مانگی کانونی دووەم وەرگرتووە. هەروەها 2.4 ملیۆن دۆلاری فرۆشی نەوتی ساڵانی 2019 و 2020یان وەرگرتووە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە گەنەڵ ئینێرجی ئاشكرایكرد، بیری دووی کێڵگەی سەرتایان دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووە و بەو هۆیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە بۆ 10 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
لە مانگی كانونی یەكەمی ڕابردووش گەنەڵ ئێنێرجی شایستە وەگیراوەکانی تشرینی یەكەمی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند حکومەتی هەرێم لە چوار کێڵگەی نەوتی بڕی 42 ملیۆن دۆلار شایستەی دارایی داوەتە كۆمپانیاكان.
لە ڕاگەیەنراوێکدا کۆمپانیاكە بڵاویکردەوە، ”شایستەی دارایی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی تەق تەق بۆ مانگی تشرینی دووەم بریتی بووە لە 3.8 ملیۆن دۆلارە، لەم بڕەش 2.1 ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیای گەنەڵ ئێنێرجییە و ئەوەشی دەمێنێتەوە کە دەکاتە 1.7 ملیۆن دۆلارپشکی ئاداکس پەترۆلیۆمە”.
گەنەڵ ئێنێرجی ئاشکراشیکرد، “شایستە وەرگیراوەکان لە کێڵگەی تاوکێ بۆ مانگی تشرینی دووەم بریتی بووە لە 38.5 ملیۆن دۆلار، لەم بڕە 29.1 ملیۆن دۆلاری پشکی دی ئێن ئۆ بووە و بڕی 9.4 ملیۆن دۆلاری پشکی کۆمپانیای گەنەڵ ئێنێرجییە”.