پوتین پارە دەدات بە هەر ژنێكی ڕوسی 10 منداڵ بخاتەوە

ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا، نەریتێكی ستالین زیندوودەكاتەوە و بە بەخشینی خەڵات، هانی ژنان دەدات منداڵی زۆر بخەنەوە.

بەپێی مەرسومێك كە پوتین واژوویكردووە، هەر ژنێكی ڕوسی لە یەكەم یادی لەدایكبوونی دەیەمین منداڵیدا، خەڵاتی ملیۆنێك رۆبڵ (16413) دۆلاری پێدەدرێت و مەدالیای زێڕینی “دایكی پاڵەوان”ی پێدەبەخشرێت، بەو مەرجەی نۆ منداڵەكەی تری لە ژیاندابن.

بڕیارێكی تری سەرۆكی ڕوسیا، بەخشینی خەڵاتی 700 هەزار رۆبڵە (زیاتر لە 12 هەزار دۆلار) بە هەر یەكێك لەو دایكانەی حەوت منداڵ و زیاتریان هەن.

ڕەخنەگران لە سەرۆكایەتیی ڕوسیا دەڵێن، “پوتین ژنان هاندەدات سووتەمەنیی بۆ تۆپەكانی سوپای ڕوسیا بەرهەمبهێنن”، وەك ئاماژەیەك بۆ بەرپاكردنی جەنگ دژی ئۆكرانیا و ناردنی سەربازەكانی ڕوسیا بۆ ئەو وڵاتە.

مەدالیای “دایكی پاڵەوان” دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆڤێت و لە ساڵی 1944دا جۆزێف ستالین سەرۆكی ئەو كاتەی یەكێتیی سۆڤێت، ناسناوەكەی بەخشیوەتە ئەو ژنانەی منداڵی زۆر دەخەنەوە، پاڵنەرەكەش مردنی دەیان ملیۆن خەڵكی یەكێتییەكە بووە بەهۆی جەنگی دووەمی جیهانەوە.

تا ڕاگرتنی خەڵات و ناسناوەكە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتیی سۆڤێت لە ساڵی 1991دا، زیاتر لە 400 هەزار ژن ئەو خەڵات و ناسناوەیان بەدەستهێنابوو. هۆكاری زیندووكردنەوەی لە لایەن سەرۆكی ئێستای ڕوسیاوە، هۆشداریدانی حكومەتی ئەو وڵاتەیە لەبارەی كەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان كە دەڵێت، “لە دوو دەیەی داهاتوودا ژمارەی دانیشتووانی ڕوسیا لە 144 ملیۆن كەسەوە كەمدەبێتەوە بۆ 132 ملیۆن كەس” و هۆكارەكەشی جەنگ و كۆچی خەڵكی وڵاتەكەیە بۆ خۆرئاوای ئەوروپا.

بابەتی پێشتر

كۆبوونەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەركردەی لایەنەكان دەستیپێكرد

بابەتی دواتر

باوەڕ دەکەیت یان نا؟ بلیتی وەرزێکی قادیش لە ڕیاڵ و بارسا گرانترە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share