بەغداد ڕێگری لەو بارانە دەكات كە لە هەرێمەوە بەرەو خوارووی عێراق دەچن

بڕیارێكی حكومەتی عێراق كێشەی بۆ شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان دروستكردووە، بەوەی ڕێگا دەگرێت لەو بارانەی لەو مەرزەوە بەرەو خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەچن.

بەشێكی بارەكانی مەرزی پەروێزخان بەرەو عێراق دەچن و لە ئەگەری ڕێگری لەو بارانە، كێشەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێم و عێراق دروست دەبێت.

“ڕێگری دەكرێت لە بارەكانی مەرزی پەروێزخان”

شۆفێرێك بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا باسی لە كێشەكەیان كردوو وتی، “لەئێستادا كێشەی ئەوەمان بۆ دروست بووە لە بازگەی سەی مەحمود لە خانەقین كە بازگەی قەپانەكەی پێدەڵێین، ڕێگا نادرێت باری مەرزی پەروێزخان كە لە ئێرانەوە هاتوون بچێتە ئەو دیوەوە بۆ ئەوەی ببرێت بۆ جنوب، ئەوەش كێشەی بۆ بەشێكی زۆرمان دروستكردووە”.

سەبارەت بە هۆكاری ئەو ڕێگرییە، ئەو شۆفێرە ئاماژەی بەوەكرد، “تەنها پێمان دەڵێن، ئەم بارانە لە ئێرانەوە هاتوون ڕێگایان نادەین تێپەڕێن و دەبێت بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان”.

محەمەد ڕەشید كەلاری، نوێنەری شۆفێرەكانی مەرزی پەروێزخان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەوەی ئێمە زانیارییمان هەبێت، بڕیاری ڕێگری لە بارەكانی مەرزەكە لەلایەن حكومەتی عێراقەوەیە، داوامان لە بەرپرسانی مەرزەكە كردووە كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكەن، چاوەڕوانی ئەوانین”.

نوێنەری شۆفێرەكان ئەوەشی ئاشكراكرد، لە ئێستادا لە بازگەی سەی مەحمود كە تاكە ڕێگای شۆفێرە بارهەڵگرەكان بۆ خوارووی عێراق بەهیچ جۆرێك ڕێگا نادرێت بارەكانی مەرزەكە تێپەڕن.

“كێشەكانی مەرزەكە زۆرن”

محەمەد ڕەشید كەلاری لەكاتی باسكردنی ئەو كێشەیە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئەوەشی خستەڕوو، “بەڕاستی ئێمە هەر ئەو كێشەیەمان نییە، بەڵكو بەدەست دەیان كێشەی دیكەی نێو مەرزەكەوە گیرمان خواردووە”.

نوێنەری شۆفێرانی مەرزەكە ئاماژەی بە كێشەكانیان كرد و وتی، “پێشتر كێشەكانمان خستەڕوو بەڵێنی چارەسەریان داوە بەڵام جێبەجێیان نەكردووە، بەڵێنی ئەوەیان دا ئێران زوو مەرز بكاتەوە و ئۆتۆمبێل بچێتە ناوەوە، بەڵێنی ئەوەیان دا ئای تی بچێتە ناو گومرگەكەوە نەكراوە، لەگەڵ زۆر كێشەی دیكە كە لەنێو مەرزەكە هەمانە”.

بەرپرسانی مەرزەكە چی دەڵێن؟

لەوبارەیەوە، عەباس ئیسماعیل، بەرپرسی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندنی مەرزی پەروێزخان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “سەبارەت بەو كێشەیەی كە باس دەكرێت ڕاستە هەیە، سەرپەرشتیای دەروازەكە قسەی لەگەڵ بەرپرساندا هاتووە، لیژنەیەك هاتووە باسی لەوەكردووە، كە ئەو بارانەی لە ئێرانەوە دێن سەرجەم وەسڵ و گومرگیان بەناوی شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەیە هێناویەتی، بەڵام لە دەرەوەی مەرزەكە دەخرێتە ئۆتۆمبێلێكی دیكەوە، ئەوە كێشەی دروستكردووە، بەرپرسان لەسەر خەتن بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن”.

ئەو بەرپرسەی مەرزەكە ئەوەشی ئاشكراكرد، “شۆفێرانی نێو مەرزەكە، داوایانكرد، ئۆتۆمبێلی بەتاڵ بە شەوان بتوانێت بێتە دەرەوەی مەرزەكە، لەگەڵ وەزارەت باسمان كردووە و لیژنەمان بۆ دروستكرد و چارەسەر بووە، كێشەیەكی دیكە كە ئێران دەرگای مەرزەكە ناكاتەوە قسەمان لەگەڵ دیوی ئێران كردووە و ئەوەش چارەسەر بووە، چەندین كێشەی دیكەیان هەبوو بۆمان چارەسەر كردوون، بەڵام هەندێك پارە هەیە لێیان وەردەگیرێت ئەوە گرێبەست كراوە و لای وەزارەتە و نوسراومان بۆیان بەرز كردووەتەوە، كێشەی كەڵەكە بوونی ئۆتۆمبێلیش شەقامێكی 950 مەتری لەناو مەرزەكە هەیە سایدێكی تەواو بووە و دەكرێتەوە بەشێكی كێشەكان چارەسەر دەكات”.

بەگوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، لە مەرزی پەروێزخانەوە پێشتر ڕۆژانە 500 بۆ 600 بار لە دیوی ئێرانەوە دەهاتە هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام ئێستا كە ڕێگا دراوە هەندێك باری “تەڕە” بێتە ناوەوە ڕۆژانە هەزار بۆ هەزار و 100 بار دێتە ناوەوە، بەدەر لە تانكەری نەوتەكان و ئەو بارانەی مەنەفێستن.

بابەتی پێشتر

باڵیۆزی بەریتانیا: کوشتنی خۆپیشاندەران لە عێراق ھیچ پاساوێکی ھەڵناگرێت

بابەتی دواتر

پیاوێک لەبری قەرز کچێکی منداڵ وەردەگرێت و هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share