سەرۆك فراكسیۆنێكی گۆڕان دەستلەكاردەكێشێتەوە و هۆكارەكەشی ئاشكرادەكات

لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕان

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستەكەی ڕادەگەیەنێت و هۆكارەكەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی بەرپرسانی بزوتنەوەكە خەڵك و ئەوانیشیان “بێ ئومێد” كردووە.

عەبدولڕەحمان موهەندیس، سەرۆكی دەست لەكاركێشاوەی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ شەممە 6ی ئازار ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، “پاش شكستهێنانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی (2018)، لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا وتم پێویستە دان بە شكستەكاندا بنێین و داوای لێبوردنیش لە خەڵك و جەماوەری گۆڕان بكەین”.

“ڕووی قسەكانم لە بەڕێز ڕێكخەری گشتی كرد و داواملێكرد دەست لەكاربكێشێتەوە لەگەڵ ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، ئامادەیی خۆشم نیشاندا بەیەكەوە لەگەڵ ئەوان دەست لەكاربكێشمەوە، بەڵام ئەوان نەیانكرد” عەبدولڕەحمان موهەندیس وا دەڵێت.

باس لەوەشدەكات، “هەردەم ڕاشكاوانە ڕەخنە و تێبینیم لەسەر ئەدا و هەڵوێست و بەڕێوبردنی بزوتنەوەی گۆڕان هەبووە، كەموكورتی و خاڵە لاوازەكانمان دەستنیشان كردوە.. مەبەستمان تاكو زیاتر بزوتنەوەكە دورنەكەوێتەوە لە خەڵك و لەو پرەنسیپ و ئامانجانەی كە لە پێناویدا دامەزراوە، بەڵام بەداخەوە ئیستیجابەیان نەبوو، هەموو هەوڵ و صەبر و تەحەمولمان بێهودە و بێ‌ سوود بوو، خەڵك و ئێمەیان بێ ئومێد كرد”.

موهەندیس ڕونیشیدەكاتەوە، تاكو زیاتر نەبم بە بەشێك لەو شكست و بێهەڵوێستی و لاوازی ئەدا و بەرێوبردنی بزوتنەوەكە، بەر لە سێ‌ مانگ لە ڕێكەوتی 6ی12ی2020 لە نامەیەكی دوو لاپەڕەییدا بڕیاری خۆمدا، وەك ناڕەزاییەك دەست لەكاركێشانەوەی خۆم لە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆران لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر (ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان) پێشكەشكردووە.

دوپاتیشیدەكاتەوە، “حیزبێك نەتوانێت ڕیفۆرم و چاكسازی لەناوخۆی خۆیدا بكات، حەتمەن ناتوانێت ڕیفۆرم و چاكسازی لەدەرەوەی خۆیدا بكات”.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی سلێمانی: ئەمڕۆ ڤاکسینەکە دەگاتە دەستمان

بابەتی دواتر

پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرۆژەیاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان کۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share