نەخۆشخانەی منداڵان: سکچوون و ڕشانەوەی منداڵ مامەڵەی دروستی لەگەڵدا نەکرێت دەبێتەهۆی مردن

نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری

 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال رەشیدی منداڵان لە سلێمانی هۆشداریی لە مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتی تووشبوونی منداڵ بە سکچوون و ڕشانەوە دا بەوەی ئەگەر مامەڵەی دروستی لەگەڵدا نەکرێت دەبێتەهۆی گیانلەدەستدان.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی بڵاوبوونەوەی سکچوون و ڕشانەوە لە منداڵاندا دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا ڕایگەیاند، ئەو پەتای سکچوون و ڕشانەوەیەی ئێستا لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە ساڵانە هەیە و تەنها لە سلێمانیش نییە، بەڵکو لە زۆرینەی ناوچەکان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیدار نییە ئەگەر مامەڵەی دروستی لەگەڵدا بکرێت.

بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، 40%ی ئەو منداڵانەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی نەخۆشخانەکەمانیان کردووە سکچوون و ڕشانەوەیان هەبووە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان ئاشکرایکرد، هۆکاری ئەوەی پەتاکە زیاتر لە هاویندا بڵاودەبێتەوە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کە منداڵان بەوهۆیەوە تووشی وشکبوونەوە دەبن، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما سەرچاوەکانی ئاو زیاتر ئەگەری پیسبوونیان هەیە، خۆراک خێراتر خراپدەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەرئەوەی هۆکارەکانی تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە جیاوازن بۆیە ڕێگاکانی چارەسەرکردنیشی جیاوازن.

بۆ خۆپاراستن لە پەتاکە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، ئامۆژگاریی دایکان و باوکانی کرد لەمەودوا ئاوی خواردنەوە بکوڵێنن و دوای ساردکردنەوەی بخورێتەوە، هەروەها پاکو خاوێنیی توالێت و گەرماو ڕابگیرێت، کە هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوونە بە سکچوون و ڕشانەوە لە منداڵاندا.

هەروەها پاکوخاوێنی منداڵ و شتنەوەی میوە و سەوزە بەشێوەیەکی تەندروست هۆکاری دیکەن.

باسی لەوەشکرد، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، دەبێت دایکان و باوکان ڕەچاوی ئەوە بکەن، ئەگەر منداڵێکی تووشبوویان هەیە ڕێگەنەدەن ئەو کەلوپەلانەی بەکاریدەهێنێت هیچ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە بەکاریبهێننەوە.

ئەگەر منداڵی تووشبوو بەشێوەی تەندروست مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت ئەگەری وشکبوونەوە و لەکارکەوتنی گورچیلەکانی و گیانلەدەستدانیشی هەیە، “بەداخەوە ساڵانە چەندین حاڵەتی گیانلەدەستدانمان هەیە” دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا وای وت.

جەختیکردەوە، لە حاڵەتێکدا کە منداڵی تووشبوو تووشی وشکبوونەوەی لێو، نەمانی فرمێسک و خوێن لەگەڵ پیسی و تای بەرز بوو، پیویستە بەزوترین کات بگەیەنرێتە نەخۆشخانە.

داواشی کرد، کە منداڵی تووشبوو تەنها لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی منداڵانەوە چارەسەربکرێت و وتی، “تکایە هیچ کەسێک چارەسەری منداڵی تووشبوو نەکات جگە لە پزیشکی پسپۆڕ”.

سەرەڕای سکچوون و ڕشانەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان، هۆشداریدا لە هەندێک نەخۆشیی دیکە کە ئەگەر بەدروستی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت دەبێتە حالەتێکی مەترسیدار و باسی لە کێشەی زەردوویی کرد لە منداڵاندا و ڕایگەیاند، ئەگەر درەنگ چارەسەربکرێت و مامەڵەی دروستی لەگەڵدا نەکرێت دەبێتەهۆی ئیفلیجی مێشک و لەدەستدانی بینین و بیستن لە منداڵەکەدا.

 

بابەتی پێشتر

لە پێنج ڕۆژدا 7 سەربازی توركیا لە هەرێم كوژراون

بابەتی دواتر

بۆ یەکەمین جار.. ژنێکی هیندی خەڵاتی بووکەر دەباتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share