مۆدریچ لە پێناو بەردەوامبوون لە ڕیاڵ مەدرید هەموو شتێک دەکات

 

ئەستێرەی ناوداری یانەی ڕیاڵ مەدرید، لوکا مۆدریچ لە پلانیدایە تاوەکو 2022 لە ڕیاڵ مەدرید بەردەوامبێت و لەدوای ئەو وادەیە وازهێنان ڕابگەیەنێت.

لوکا لەدایکبووی زادارە لە کرواتیا، لە دینامۆ زاگریب دەرکەوت و لە تۆتنهام گەیشتە تۆپکی تواناکانی و لە ڕیاڵ مەدرید ڕێزی تایبەتی لێنرا، بووە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان، بەڵام لە ئێستادا تەمەنی 35 ساڵە و چیدی خۆری یاریکردنی لە مەدرید بەرەو ئاوابوون دەچێت.

“کرۆیفی بەڵقان” لە نوێترین چاوپێکەوتندا بە ڕۆژنامەی مارکای ڕاگەیاندووە، ” دەمەوێت بۆندەکەم لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید نوێبکەمەوە و لێرە وازهێنان لە تۆپی پێ ڕابگەیەنم”.

ڕۆژنامە ئیسپانییەکە لەم بارەیەوە نوسیویەتی، مۆدریچ لە هاوینی 2021 بۆندەکەی کۆتاییدێت و دەتوانێت بێبەرانبەر پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات، بەڵام نایەوێت ئەم هەنگاوە بنێت.

هاوشێوەی سێرجیۆ ڕامۆس و لوکاس ڤاسکێز، تاوەکو ئێستا نوێکردنەوەی بۆندی لوکیتا لەلایەن ئیدارەی یانەوە تاووتوێ نەکراوە، یاریزانەکەش خەون دەبینێت لە هاوینی 2021 تەنها تاوەکو هاوینی 2022 بۆندەکەی نوێبکرێتەوە، لەو ساڵەشدا تەمەنی دەبێتە 36 و دوای کۆتاییهاتنی وەرز وازهێنان ڕادەگەیەنێت.

بەپێی زانیارییەکانی مارکا، خێزانی مۆدریچ لە مەدرید بەختەوەرن و فشاریان لەسەر یاریزانەکە دروستکردووە لە ڕیاڵ مەدرید بەردەوامبێت، لە بەرانبەردا ئیدارەی یانە ڕێزێکی تایبەتییان لەم یاریزانە ناوە و بەدوور نازانرێت داواکەی جێبەجێبکەن، تەنانەت یاریزانەکە ئامادەیی دەربڕیوە بە موچە و ئیمتیازاتی کەمتر مامەڵە لەگەڵ فلۆرنتینۆ پێرێز و ستافە کارگێڕییەکەی بکات.

بۆچی بەردەوامبوون؟

مۆدریچ لە هاوینی 2021 دەتوانێت پەیوەندی بە هەر یانەیەکی گەورەی دیکەوە بکات، بەڵام خوستی لەسەر بەردەوامبوونە و ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە.

یەکەمیان پەیوەندی بە زینەدین زێدانی ڕاهێنەرەوە هەیە، کە هێشتا پێی وایە لەتوانایدایە زیاتر و زیاتر پێشکەشی ڕیاڵ بکات، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و مۆندیالی 2022ی قەتەرە.

مۆدریچ دەیەوێت تاوەکو کاتی ئەنجامدانی ئەو دوو پاڵەوانێتییە گەورەیە لەو پەڕی توانا هونەری و جەستەییەکانیدا بێت، کە ئەوەش دەبێتە کۆتا پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی بەدرێسی هەڵبژاردەی کرواتیاوە بەشدارییان تیادا دەکات.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

(ڤیدیۆ) ئارسیناڵ پێنجه‌م بردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر لیسته‌ر سیتی تۆمارکرد

یانه‌ی ئارسیناڵ به‌رده‌وامه‌ له‌زنجیره‌ی بردنه‌وه‌کانی و له‌چێوه‌ی یارییه‌کانی هه‌فته‌ی 29ی خولی نایابی ئینگلته‌را ڕووبه‌ڕووی لیسته‌ر سیتی بووه‌وه‌، یارییه‌‌که‌…
Total
0
Share