بەپێی ڕاپۆرتێكی سایتی (فۆڕبس) ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سیستمی بەرگریی موشەكی جوڵاو لە سوریا و عێراق بڵاودەكاتەوە، وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر زیادبوونی هەڕەشەكان لەسەر هێزەكانی وڵاتەكەی لەهەردوو وڵات.
ئەگەری هەیە سیستمی موشەكی بەرگریی ئاسمانی كورت مەودا (ئەڤێنجەر) باشترین سیستمی بەردەست و ئاسان بێت بۆ پارێزگاری لە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا لەو هەڕەشانەی بەهۆی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانەوە زیادیان كردووە.
لەم ساڵانەی دواییدا بەكارهێنانی بەرچاوی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەلایەن گروپەكانی لایەنداری ئێران لە سوریا و عێراق یان لەلایەن داعشەوە زیادیانكردووە، وەك ئەوەی سایتەكە باسی كردووە.
سیستمە بەرگرییەكە بۆ پاراستنی هێزە وشكانییەكان لە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دروستكراوە كە لە بەرزییەكی كەمەوە دەفڕێت، جگە لە پارێزگاری لە فڕۆكە و موشەكی كرۆز.
لە كۆتاییەكانی شوباتی ڕابردوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وێنەیەك بڵاوكرایەوە كە دەوترا گواستنەوەی سیستمی “ئەڤێنجەر”ە لەسەر ڕێگایەكی سەرەكی عێراق بەرەو سوریا، بەپێی فۆڕبس پێدەچێت سیستمەكە گوازرابێتەوە بۆ هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەی دێر لزور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.
تا كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو، ئەو بنكانەی هێزەكانی ئەمریكای لە عێراقدا تیابوو سیستمی بەرگریی ئاسمانی تیادا نەبوو.
بەڵام پاش هەڕەشەكانی گروپەكانی لایەنداری ئێران، ویلایەتە یەكگرتووەكان سیستمی پاتریۆت-ی لەو بنكانەدا دانا، سەرەڕای سیستمی دژە موشەكی “C-RAM”.
بەڵام سیستمە نوێیەكە “ئەڤێنجەر” بەدیاریكراوی تایبەتە بە مامەڵە لەگەڵ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.