کاردانەوەکانی پاش مەرگی ڕابەری ڕۆحیی ئێزدییەکان

قوباد تاڵەبانی و بابە شێخ

ئێوارەی ئەمڕۆ 1ی تشرینی یەکەم خەرتۆ ئیسماعیل، ڕابەری ڕۆحیی ئێزدییەکان کۆچی دوایکرد، بەرپرسانی هەرێم بە جیا ماتەمینیان لەسەر ڕوداوەکە ڕاگەیاند.

لەسەر مەرگی بابە شێخ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی لە بنەماڵەکەی بابە شێخ ڕاگەیاندووە و وتویەتی، “پرسە و سەرەخۆشیی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و میری ئێزدیان و ئەنجومەنی ڕوحانی و تەواوی خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕاشیگەیاندووە، “جەنابی بابه‌ شێخ کەسایەتییەکی دیار و خاوەن پێگەیەکی گرنگ بوو لە هەرێمی کوردستان و جیهاندا، ڕۆڵێکی بەرچاویشی لە پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاینی لە هەرێمی کوردستاندا هەبوو. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە هەمووان ببەخشێت”.

هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “لە دڵەوە خەمبار و نیگەران بووین بە هەواڵی ژیانئاوایی جەنابی بابەشێخ ڕابەری ڕۆحیی ئێزدیی”.

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە، “بابەشێخ کەسایەتییەکی چاکەخواز و خزمەتگوزار و کۆکەرەوەبوو، ڕۆڵێکی گەورەی دیوه‌ لەیارمەتیدانی ئێزدییەکان بۆ دەربازبوون لە شۆکی جینۆسایدی داعش، هەموو تەمەنی خۆشی بەخشییە ڕێنمایی و ڕابەرایەتیی ئاینیی پەیڕەوانی ئاینی ئێزدی لە سەرانسەری جیھان”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “داوکارین لە خودا لەم ماتەمەدا ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت و ڕەوانی بەڕێزیان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات”.

هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی مەرگی  بابەشێخ، ڕابەری ڕۆحیی کوردانی ئێزدی سەرەخۆشی لە کەسوکاری و کوردانی ئێزدی دەکات. دەڵێت، هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی کوردانی ئێزدی تەرخانکردووە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “بابەشێخ تەمەنێکی لە خزمەتکردنی ئاینەکەیدا خەرجکردووە و ڕۆڵی کاریگەری هەبوو لە پێکەوەژیانی ئاینی لە ناوچەکەدا”.

ئێوارەی ئەمڕۆ بابەشێخ، کەسایەتیی ناسراوی کوردانی ئێزدی و ڕابەری رۆحیی ئێزدییەکان، لە تەمەنی 87 ساڵیدا بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

بابەتی پێشتر

بەرهەم ساڵح گەیشتە كوەیت

بابەتی دواتر

فەڕەنسا داوا لە ئەوروپا دەكات سزای توركیا بدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share